تیلەرسن لەگەڵ نوێنەرانی قەتەڕ و کوەیتدا کۆدەبێتەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕێکس تیلەرسن لەگەڵ گەورە بەرپرسانی قەتەڕ و کوەیتدا کۆبۆوە سەبارەت بە ناکۆکییەکانی وڵاتانی کەنداو و لە هەوڵێکیشدا بۆ ئەوەی بارودۆخەکەخراپتر نەبێت

سێ هەفتە دوای ئەوەی سعودیە و وڵاتانی تری عەرەبی گەمارۆی ئابووری و سیاسییان خستە سەر قەتەڕ، تیلەرسن لەگەڵ وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدوڵڕەحمانی دووەمدا لە واشنتن کۆبۆتەوە، قەتەڕیش یەکێکە لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا.

تیلەرسن داوای کرد وڵاتانی کەنداوی عەرەب گفتوگۆ ئەنجام بدەن و وتی گەیشتن بە چارەسەرێکی سیاسی لەڕێی گفتوگۆوە باشترین ڕێگایە، بەڵام سعودیە و بەحرەین و میسر و ئیمارات دەریانخستووە کە هیچ بەنیاز نین 13 داواکارییەکەیان کەم بکەنەوە لەسەر قەتەڕ، کە یەکێک لە داواکارییەکان ئەوەیە کە قەتەڕ پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێراندا کەم بکاتەوە و هەروەها کەناڵی ئەل جەزیرەی قەتەڕی دابخات.

تیلەرسن لەگەڵ شێخ محەمەد عەبدوڵا سەباحی وەزیری دەرەوەی کوەیت و وەزیری زانیارییدا کۆبۆوە و یارمەتی تەواوی خۆی بۆ کوەیت دووپاتکردەوە لە هەوڵیاندا بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی وڵاتانی کەنداو لەگەڵ قەتەڕدا.

تیلەرسن و هاوتا کوەیتییەکەی جەختییان لەسەر ئەوە کردەوە کە پێویستە هەموو لایەنەکان گفتوگۆی سیاسی ئەنجام بدەن. هەروەها هاوڕابوون لەسەر ئەوەی دەبێت تیرۆر بوەستێنرێت و هەموو وڵاتانی کەنداو دەبێت پێکەوە ڕووبەڕیی توندڕەویی ببنەوە.

سەرچاوە/ VOA