ئاگرێکی گەورە کڵێسایەکی نیو جێرسی لە ناودەبات

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆ ئاماژەیان بەوەدا ڕۆژی دووشەممە ئاگرێکی گەورە کڵێسایەکی گەورەی لە بورڵینگتنی نیو جێرزی ئەمەریکا لە ناوبردووە، سەقفی کڵێساکە دەڕووخا کاتێک زیاتر لە 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا هەوڵیان دەدا ئاگرەکە بکوژێننەوە.

کەناڵی ئەی بی سی -6 ی ناوخۆ بڵاویکردەوە ئاگرەکە کاتژمێر 6ی ئێوارە بە کاتی ڕۆژهەڵات کەوتۆتەوە لە ناوەندی Fountain of Life لە شارۆچکەی فلۆرێنسی ویلایەتی نیوجێرزی کە دەکەوێتە باکووری ڕۆژهەڵاتی فیلادلفیاوە.

قەشەیەکی باڵا لە سەنتەرەکە، ڕۆسێڵ هۆجینس، بە کەناڵەکەی وت " لە دەستدانێکی ڕووخێنەرە."

هۆجینس بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ناوخۆی وت تیمەکان هێشتا هەوڵ دەدان بینای قوتابخانەیەک ڕزگار بکەن کە لە کامپی کڵێساکەدایە. زیاتر لە 100 کارمەندی ئاگرکوژێنەوە و تیمەکانی فریاگوزاری خێرا لە شوێنەکەدا بوون.

بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی بەشی ئاگرکوژێنەوەی شارۆچکەی فلۆرێنس ڕۆبەرت ثارپ بە کەناڵی سی بی ئێس -6 ی وت " کارمەندانی ئاگرکوژێنەوە کارێکی سەرسوڕهێنەرییان کرد لە هەوڵیاندا بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکە لە ناوەوە. ئاگرەکە هێندەی بیناکە گەورە بوو. ناچار بووین ئەرکەکەمان بگۆڕین بۆ ئەرکێکی بەرگریکردن."

تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نەبووە لەسەر کەوتنەوەی قوربانی و نەشزانراوە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە.

ڕۆژنامەی چێری هیڵ کۆرییەر پۆست وتی کڵێساکە کە لە ساڵی 1974 دا کراوەتەوە، 1000 ئەندامی هەیە. لە کامپی کڵێساکەدا قوتابخانەیەک و ناوەندێکی خێزانی و شوێنێکی پەرستنی تێدایە. هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکەش نەزاندراوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز