ڕابەرانی وڵاتانی ئەوروپا هەوڵ دەدەن سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و لایەنگرە کۆمارییەکانی ڕازی بکەن پشتیوانی لە ناتۆ و یارمەتییەکان بکات بۆ ئۆکرانیا.
ترامپ ڕووبەڕووی ڕەخنەی توندی بەرپرسانی ڕۆژئاوا بووەوە لەسەر ئەوەی پێشنیاری ئەوەی کرد ئەو وڵاتانە ناپارێزێت کە پابەندی خەرجی سەربازیی هاوپەیمانێتی ناتۆ نابن، تەنانەت ڕەنگە هانی ڕووسیاش بدات هێرشییان بکاتە سەر.
لێدوانەکانی ترامپ کە ئێستا پێشەنگە لە کێبڕكێی کۆمارییەکاندا بۆ دەستنیشانکردنی بەربژێرێک بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونخدا زاڵ بوون، کۆنفرانسەکە ساڵانەیە و سیاسەتمەداران و سەربازان و دیبلۆماتکاران بەشداری تێدا دەکەن. زۆرجاریش بارۆمەتری پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئەوروپایە.
ڕابەرانی ئەوروپا نیگەرانن سەبارەت بە داهاتووی ناتۆ ئەگەر ترامپ لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا سەربکەوێت، هەروەها نیگەرانیشن سەبارەت بەو 60 ملیار دۆلار یارمەتییەی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا کە لە کۆنگرێسی ئەمەریکادا ڕاگیراوە، لە کاتێکدا کە کۆمارییەکان داوای ڕێوشوێنی نوێی ئاسایشی سنووری ئەمەریکا دەکەن وەکو مەرجێک بۆ پەسەندکردنی ئەو یارمەتییە بۆ ئۆکرانیا.
ڕابەرانی ئۆکرانیا و ڕۆژئاوا دەڵێن ئەو یارمەتییە زۆر گرنگە بۆ ئۆکرانیا لە کاتێکدا کە هێزەکانی کیێڤ کۆشش دەکەن لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا. ڕۆژی یەکشەممە مۆسکۆ وتی بە تەواوەتی شاری خاپووربووی ئاڤدیڤکای ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کۆنتڕۆڵ کردووە.
ڕابەرانی ئەوروپا لە هەوڵێکیاندا بۆ کارکردنە سەر ترامپ و لایەنگرەکانی پەیوەندی بە یاسادانەرانی ئەمەریکا و ڕابەرانی کارەکانەوە دەکەن.
ئەوروپا دەڵێت پارەیەکی زۆر خەرج دەکات بۆ بەرگری و زیاتریشی دەکات، ئەو جۆرە خەرجییانە و یارمەتییەکان بۆ ئۆکرانیا ملیاران دۆلار بۆ کۆمپانیا ئەمەریکاییەکانی دروستکردنی چەک پەیدا دەکەن، هەروەها دەڵێن پاراستنی ئەوروپا هێزی ئەمەریکا پیشان دەدات دژی چین، کە یەکێکە لە سەرەکیترین سیاسەتی دەرەوەی ترامپ.
ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز لە کۆنفرانسەکەدا کە ژمارەیەکی زۆر لە یاسادانەری ئەمەریکایی تێدا بوو وتی " ئێمەی ئەوروپاییەکان گرنگییەکی زۆر زیاتر دەدەین بە ئاسایشی خۆمان، ئێستا و لە داهاتووشدا."
وتی " ئەو ئارەزووەش بۆ ئەنجامدانی ئەوە زۆر زۆرە."
شۆڵز و ڕابەرانی دیکەی وڵاتانی ئەوروپای وەکو سەرۆک وەزیری هۆڵەندا مارک ڕوتێ، سووربوون لەسەر ئەوەی جددیتر بن سەبارەت بە بەرگری چونکە ئەوە لە بەرژەوەندی خۆیاندایە نەک بەهۆی ترامپەوە بووبێت.
بەڵام دەیانەوێت ترامپ و لایەنگرەکانی ڕازی بکەن کە وەستان لە پاڵ ناتۆدا بۆ ئەوانیش باش دەبێت.
سەرۆک وەزیری نەرویج جۆناس شتۆر لە میونخ بە ڕۆیتەرزی وت " ئەوە لە بەرژەوەندی ئەمەریکادایە هاوپەیمانێتییەکی ناتۆی بە هاوپەیمانی بەهێزەوە هەبێت کە بتوانن کاریگەرییەکانی ئەمەریکا پتەوتر بکەن."
مانگی ڕابردوو سکرتێری گشتی ئێستای هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ سەردانی ئەمەریکای کرد کە بەشێکی سەردانەکەی مەبەست لێی ڕازیکردنی لایەنگرانی ترامپ بوو بۆ پشتیوانیکردن لە ناتۆ و ئۆکرانیا.
ستۆڵتنبێرگ لە هێریتەیج فاوندەیشن قسەی کرد کە لایەنگری ترامپە و دواتر سەردانی کۆمپانیای لۆکهید مارتنی بەرهەمهێنەری چەکی کرد لە ئالاباما، کە موشەکی دژە تانکی جاڤیلین دروست دەکات.
ستۆڵتنبێرگ لە میونخ وتی " ئەو پارەیەی دەگوازرێتەوە بۆ ئۆکرانیا، هەمان ئەو پارەیە دەچێتەوە بۆ ئەمەریکا. چونکە ئەوان چەک دەکڕن، بۆ نموونە، جاڤیلینەکان، لە بەرهەمهێنەرانی چەکەوە لە ئەمەریکا."
سەبارەت بە نیگەرانییەکانی ئەمەریکا لەسەر چین، ستۆڵتنبێرگ وتی " ئەمەریکا لە سەدا 25 ی داهاتی بەرهەمی جیهانی هەیە، بەڵام پێکەوە لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا ڕێژەکە دەگاتە لە سەدا 50 ی داهاتی بەرهەمی جیهان و لە سەدا 50 ی هێزی سەربازیی جیهان. لەبەرئەوە هەتاوەکو پێکەوە بین پارێزراوتر دەبین."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز