فیلیپین: ئەمەریکا و ژاپۆن و ئوستڕاڵیا مەشقێکی دەریایی هاوبەش لە دەریای باشووری چیندا ئەنجام دەدەن

دەریای باشووری چین

بەرپرسانی ئاسایشی فیلیپین ڕایانگەیاند ئەمەریکا و ژاپۆن و ئوستڕاڵیا پلان دادەنێن بۆ ئەنجامدانی مەشقێکی دەریایی هاوبەش لە دەریای باشووری چیندا، لە دەرەوەی کەناری ڕۆژئاوای فیلیپین، ئەوەش بە مەبەستی تیشک خستنەسەر پابەندبوونییان بە سەروەری یاساوە لە ناوچەکەدا.

لە 5 ی مانگی هەشتدا کەشتییەکانی پاسەوانی کەناری چین لە ڕێڕەوە ئاوییە جێناکۆکی لەسەرەکەدا تۆپی ئاوییان دژی کەشتییەکانی فیلیپین بەکارهێنا، ناوچەکە بووەتە جێی ڕکابەری نێوان ئەمەریکا و چین.

دوو بەرپرسی ئاسایشی فیلیپین بە دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسییان وت مەشقەکان سێ فڕۆکە و کەشتی فڕۆکەی هێلیکۆپتەر هەڵگر لە خۆدەگرێت کە وەکو دەرخستنی هێزێک پێکەوە دەبن و مەشقەکان ئەنجام دەدەن. فەرماندەکانییان بڕیارە لەگەڵ هاوتاکانیاندا لە مانیلای پایتەختی فیلیپین کۆببنەوە.

دوو بەرپرسەکە ناوی خۆیان ئاشکرا نەکرد بەهۆی ئەوەی کە ڕێگە پێدراو نین بە ئاشکرا باس لە وردەکارییەکانی مەشقە پلان بۆ داڕێژراوەکە بکەن.

یەکێک لە دوو بەرپرسەکە وتی ئەمەریکا بە نیازە کەشتی فڕۆکە هەڵگری یو ئێس ئێس ئەمەریکا ڕەوانە بکات، ژاپۆن یەکێک لە گەورەترین کەشتییە جەنگییەکانی ڕەوانە دەکات کە بە جەی ئێس ئیزومو ناسراوە. هێزی شاهانەی دەریایی ئوستڕاڵیا کەشتی جەنگی ئەیچ ئێم ئەی ئێس کانبێرا ڕەوانە دەکات کە ئەویش بە هەمان شێوە کەشتییەکە بۆ هەڵگرتنی فڕۆکەی هێلیکۆپتەر بەکاردەهێندرێت. وتیشی مەشقە هاوبەشەکان چەند مانگێک لەمەوبەر پلانییان بۆ داڕێژراوە.

وتیشی فیلیپینییەکان بەشێک نابن لە مەشقەکەی ئەم هەفتەیە، ئەوەش بەهۆی کێشەی لۆجیستیکییەوە، بەڵام دەیانەوێت لە داهاتوودا بەشدار بن.

سەرچاوە/ AP