بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ' CIA ' کە لە هەمان کاتیشدا دانوستکاری سەرەکی ئەمەریکایە لە گفتوگۆکاندا بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکەی غەززە و ئازادکردنی ئەو بارمتانەی کە لەلایەن حەماسەوە گیراون، وتی پێشنیارەکەی ئاگربەست لە چەند ڕۆژی داهاتوودا بە وردەکارییەکی زیاترەوە بڵاودەکرێتەوە.
دوای یانزە مانگ لە جەنگەکەی ناو غەززە، بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس وتی ماندوونەناسانە کاردەکات لەسەر " دەق و داڕشتنە بونیادنەرەکان " لەگەڵ نێوەندگرانی قەتەڕی و میسڕیدا بۆ گەیشتن بە ئاگربەستێک، ئەوەش لە ڕێی دۆزینەوەی پێشنیارێکەوە کە هەردوو لایەنەکەی جەنگەکە ڕازی بن پێی.
وتی " هیوادارم لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ئەمە بکەینە پێشنیارێک کە وردەکاری زیاتری تێدا بێت، دواتر دەبینین."
بێرنس لە ماوەی بۆنەیەکی فاینانشیاڵ تایمزدا لە لەندەن لەگەڵ ڕیچارد مۆری سەرۆکی دەزگای هەواڵی ئێم ئای 6 ی بەڕیتانیادا ئەم لێدوانەیدا، ئەوەش لە دەرکەوتنێکی بێپێشینەی دوو سەرکردە هەواڵگرییەکەدا.
بێرنس وتی بابەتەکە پەیوەستە بە ئیرادەیەکی سیاسییەوە و هیوادارە سەرکردەکانی هەردوولا دان بنێن بەوەدا کە " ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هەندێک بژاردەی قورس و هەندێک سازشی قورس بکرێت."
وتیشی لە سەدا 90 ی پەرەگرافەکان پەسەند کراون و ئەو لە سەدا دەیەی کە ماوەتەوە هەمیشە قورسترینە.
حەماس لە 7 ی مانگی 10 دا هێرشی کردە سەر باشووری ئیسڕائیل و 1200 کەسی کوشت و نزیکەی 250 کەسیشی بە بارمتە گرت، ئەو هێرشەش بووە هۆی هەڵگیرسانی جەنگەکە لە غەززە و تۆڵەی ئیسڕائیل لە چەکدارانی حەماس لە غەززە. بەرپرسانی تەندروستی غەززە دەڵێن بەهۆی جەنگەکەوە نزیکەی 41,000 فەلەستینی کوژراون.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەڕێوبەری هەواڵگری ئەمەریکا دەڵێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا پێشنیارەکەی ئاگربەست لە غەززە بە وردەکارییەوە بڵاودەکرێتەوە
بەڕێوبەری دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمەریکا ویلیام بێرنس