ئەمەریکا دەڵێت هەر ڕێبەرێکی داعش بە زیندوو مابێتەوە ئەوا بە سزای خۆی دەگات

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەڵێت هەر ڕێبەرێکی داعش لە ژیاندا مابێتەوە، ئەوا بە سزای خۆی دەگات.

لە پاش بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆیەکی داعش کە گوایە ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەریانە، گوتەبێژێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا گوتی" هەر ڕێبەرێکی داعش بە زیندوو مابێتەوە، ئەوا سزای شایستەی خۆیان دەدرێن."

گوتیشی ئەو هاپەیمانێتیـیەی واشنتن لە دژی داعش ڕێبەرایەتی دەکات شەڕی ئەو گروپە دەکات لە سەرانسەری جیهان تاوەکو شکستهێنانی ئەو تێرۆرستانە مسۆگەربکرێت."

جێی ئاماژەیە میدیایەکی داعش کە بە فورقان ناسراوە، دوێنێ دووشەممە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و لەسەری نووسیبوو لێدوانی ئەبو بەکر ئەلبەغدادی ڕێبەری داعش.

لە ڤیدیۆکەدا کەسەکە کە گوایە ئەبو بەکر ئەلبەغدادیـیە، دانی بە شکستهێنانی داعش نا لە ڕووی سەربازیـیەوە، بەڵام جەختی دەکردەوە سەر ئەنجامدانی هێرشی کوشندە و خوێن ڕشتن و دەیگوت گرنگ سەرکەوتن نیـیە.

شیکەرەوان دەڵێن ڤیدیۆکە بە ڕوونی نیشانی دەدات داعش گەیشتووەتە ئەو ئەنجامەی دووچاری شکستێکی گەورە بووە، بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی ئەو جۆرە ڤیدیۆیانەوە ورەی لایەنگرانی بەرزبکاتەوە.