واشنتن ڕۆژی هەینی ڕایگەیاند نیو ملیۆن ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا و دەیان ملیۆن دۆلاری دیکە کۆمەکی مرۆیی پێشکەش بە عێراق دەکات.
ئەم بەڵێنە لە میانی بەیاننامەیەکی هاوبەشی نێوان عێراق و ئەمەریکادا هات کە دەریدەخات هەردوو وڵات پەیوەندییەکانی نێوانیان، کە چەندین ساڵە پـرسی ئاسایش بەسەریدا زاڵە، فراوانتردەکەن و واشنتن بەڵێنی دا لە کەرتەکانی دیکەی وەکو تەندروستی و پەروەردە هاوکاری زیاتری بەغدا بکات.
بەیاننامەکە دەڵێت ئەمەریکا بەهای دەیان ملیۆن دۆلار کۆمەک لە بوارەکانی تەندروستی، مرۆیی، ژینگە، پەرەوەردە و ئابووری پێشکەش بە عێراق دەکات.
لە کاتێکدا هاوکاری سەربازی لە نێوان بەغدا و واشنتندا بەردەوام دەبێت و سەربازەکانی ئەمەریکا بۆ مەشق و راهێنان لە عێراق دەمێننەوە، بەیاننامەکە بە وشەیەکیش باسی لە ڕەهەندی ئاسایشی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نەکردووە.
سەرەتای بەیاننامەکە بەوە دەستپێدەکات کە ئەمەریکا نیو ملیۆن ڤاکسینی دژی ڤایرۆسی کۆرۆنا پێشکەش بە عێراق دەکات.
بەیاننامەکە هەروەها دەڵێت "ئەمەریکا بڕی 155 ملیۆن دۆلار کۆمەکی مرۆیی بۆ دابینکردنکردنی شێڵتەر، تەندروستی، خۆراک، ئاو، خزمەتگوزاری پاکژی لە سەراپای عێراقدا دابیندەکات."
We are providing nearly $155 million in additional humanitarian assistance for the people of Iraq and the generous communities hosting them. The U.S. remains the largest single donor of humanitarian assistance in Iraq and globally, in line with our National Security Strategy.
— Secretary Antony Blinken (@SecBlinken) July 23, 2021
دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا ئەنتۆنی بلینکن لە بەیاننامەیەکدا گوتی، "بەم کۆمەکە داراییەوە کە وەزارەتی دەرەوە و ئاژانسی ئەمەریکایی بۆ گەشەپێدانی نێودەوڵەتی ( USAID ) دابینیکردووە ، پاڵپشتی مرۆیی ئەمەریکا لە ساڵی 2021 بۆ عێراق یەکسانە بە زیاتر لە 200 ملیۆن دۆلار. لە ساڵی 2014 ەوە ئەمەریکا زیاتر لە 3 ملیار دۆلاری لە هاوکاری مرۆیی لە عێراق و بۆ عێراقییەکان لە ناوچەکە دابین کردووە."
فيديو: وزير الخارجية فؤاد حسين @Fuad_Hussein1 ونظيره الأمريكي أنتوني بلينكن @SecBlinken يترأسان جولة الحوار الستراتيجي الرابعة في #واشنطنhttps://t.co/JEr0TmRZXP
— وزارة الخارجية العراقية (@Iraqimofa) July 23, 2021
بەیاننامە هاوبەشەکەی نێوان واشنتن و بەغدا ئەوەشی زیادکرد کە ئەمەریکا بڕی زیاتر لە ملیۆن دۆلار تەرخان دەکات بۆ بوونیادنانەوەی زانکۆکانی پارێزگای نەینەوا کە بەهۆی شەڕی دژی ڕێکخراوی توندڕەوەی داعشەوە خاپوور بوون.