وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە بەغدا لەگەڵ کاربەدەسـتانی عێراق و فەرماندە لەشکریـیەکان کۆدەبێتەوە

وەزیری بەرگری ئەمەریکا بە سەردانێـکی پـێشتر ڕانەگەیەندراو گەیشتووەتە بەغدای پایتەختی عێراق، بە مەبەستی تاووتوێکردنی دوایـین پـێشهاتەکانی شەڕی دژی داعش لەگەڵ کاربەدەسـتانی عێراق و فەرماندەکانی لەشکری ئەمەریکا لەو وڵاتە.

ئاشتۆن کارتەر ئەمڕۆ دووشەممە لە فڕۆکەخانەی بەغدا لە لایەن ستیوارت جۆنز باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ عێراق و جەنەڕاڵ شۆن مەکفارلاند فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمان بۆ شەڕی داعش لە عێراق و سوریا پـێشوازی لێکرا.

کارلا بۆب پەیامنێری دەنگی ئەمەریکا دەڵێت وەزیری بەرگری لەگەڵ هەریەک لە حەیدەر عەبادی سەرۆک وەزیر و خالید ئەلعوبەیدی وەزیری بەرگری کۆدەبێتەوە و هەروەها بە تەلەفون وتووێژ لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسـتان دەکات.

دەشڵێت بەر لەوەی ئاشتۆن کارتەر بگاتە بەغدا لە نێو فڕۆکەکەدا بە پەیامنێرانی گوتووە لەگەڵ کاربەدەسـتانی عێراق و فەرماندەکانی لەشکری ئەمەریکا تاووتوێی ڕزگارکردنی ئەو ناوچانە دەکات کە هێشتا لە ژێر دەسـتی داعش ماونەتەوە، بە تایبەتی شاری موسڵ.

پاشان باسی لە گرنگی بنکەی هێزی ئاسمانی گەیارە کردووە، ئەوەی ڕۆژی شەممە لە لایەن هێزەکانی عێراقەوە ڕزگارکرا. گوتی ئەو بنکە ئاسمانیـیە کە لە نزیک شاری موسڵە دەکرێت بکرێت بە ناوەندێـکی لۆجسـتی و هەورەها شوێنێـک بۆ هێرشی ئاسمانی. هەورەها ڕایگەیاند 560 سەربازی دیکەی ئەمەریکا ڕەوانەی عێراق دەکرێن بۆ یارمەتیدانی هێزەکانی عێراق لەم شەڕەدا. بەمەش ژمارەی سەربازانی ئەمەریکا لەو وڵاتە دەگاتە زیاتر لە 4600 سەرباز و زۆربەیان وەکو ڕاوێژکار و ڕاهێنەر ڕۆڵ دەبینن.

کارتەر لە میانەی دوایـین سەردانیدا بۆ عێراق ڕایگەیاند ئەمەریکا لە ڕێگەی بەغداوە 415 ملیۆن دۆلار بۆ هێزەکانی پـێشمەرگە دابین دەکات لەم کاتەی ئابوری هەرێمی کوردسـتان زیانی پـێگەیشتووە بەهۆی دابەزینی نرخی نەوت.