ئەمەریکا و ئێران بە مەبەستی هێورکردنەوەی گرژییەکانی نێوانیان لە گفتوگۆدان

IRAN-NUCLEAR/USA

بەرپرسانی ئێران و ڕۆژئاوا دەڵێن ئەمەریکا لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆدان بە مەبەستی دۆزینەوەی ڕێگەیەک بۆ سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران و ئازادکردنی هەندێک لە دەستبەسەرکراوە ئەمەریکاییەکان و ئازادکردنی هەندێک لە سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران لە دەرەوە.

ئەم هەنگاوانەی ئێران و ئەمەریکا زیاتر لەوەی وەک ڕێککەوتنێک سەیر بکرێت کە پێویستی بە پێداچوونەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا ببێت، وەکو "لە یەک تێگەیشتنێک" سەیر دەکرێت.

شایانی باسە کە لە کۆنگرێسی ئەمەریکا زۆرێک دژایەتی ئەوە دەکەن سزاکانی سەر ئێران کەم بکرێنەوە، ئەوەش بەهۆی یارمەتییە سەربازییەکانییەوە بۆ ڕووسیا و سەرکوتکارییەکانی و پشتیوانییەکانی بۆ گروپە چەکدارییەکان کە هێرشییان کردۆتە سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا.

لە کاتێکدا ئەمەریکا و ئێران لە زیندوو کردنەوەی ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015ی ئێران نەیانتوانی سەرکەوتوو بن، ئەمەریکا هیوادارە هەندێک لە کۆتوبەندەکانی سەر چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێران بگەڕێنێتەوە کە دەکرێت هەڕەشە بێت بۆ سەر ئیسڕائیل و ببێتە هۆی دروستبوونی کێبڕکێی خۆپڕچەککردن لە ناوچەکەدا. تاران دەڵێت هیچ نیازێکی نیە پەرە بە چەکی ئەتۆمی بدات.

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ لە ساڵی 2018 دا لە ڕێککەوتنە ئەتۆمییەکەی ساڵی 2015 ی نێوان ئێران و زلهێزەکانی جیهان کشایەوە و سەرجەم سزاکانی سەپاندەوە بەسەر ئێراندا، تارانیش لە وەڵامدا چەندین بەرپرسیارێتی لە ڕێککەوتنەکەدا پشتگوێ خستووە. بەپێی ڕێککەوتنەکە، ئێران چالاکییە ئەتۆمییەکانی سنووردار دەکات و لە بەرامبەریشدا سزا نێودەوڵەتییەکانی لەسەر کەم دەکرێنەوە.

هاوکات ئەمەریکا ڕەتی کردۆتەوە نزیک بووبێتەوە لە ڕێککەوتنێکی ئەتۆمی کاتی لەگەڵ ئێراندا، بەڵام بە وریاییەوە باس لە ئەگەری هەنگاوەکان سەبارەت بە "لە یەک تێگەیشتنێک" دەکات کە کەمتر فەڕمییە، بەوەش خۆی بە دووردەگرێت لەوەی کۆنگرێس پێداچوونەوەی بۆ بکات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا مەتیو میلەر وتی هیچ ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێراندا بوونی نیە.

بەڵام وتی واشنتن و تاران دەیانەوێت گرژییەکان کەم بکەنەوە و سنوورێک بۆ بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران دابنێن، پشتیوانییەکانی ئێران بۆ گروپە چەکدارییەکانی ناوچەکە ڕابگرن کە هێرشەکان ئەنجام دەدەن، هەروەها پشتیوانییەکانی ئێران بۆ ڕووسیا لە جەنگەکەیدا دژی ئۆکرانیا ڕابگرن و هاووڵاتییە ئەمەریکاییە دەستبەسەرکراوەکان لە ئێران ئازاد بکرێن.

مەتیو وتی "بەردەوام دەبین لە بەکارهێنانی دیپلۆماسی بۆ گەیشتن بە سەرجەم ئەم ئامانجانەمان."

بەرپرسێکی ئێران ڕایگەیاندووە و گوتوێتی "چۆنت دەوێت ناوی بنێ، ئیتر ڕێککەوتنێکی کاتی بێت یاخود لە یەک تێگەیشتنێکی هاوبەش، هەردوولا دەیانەوێت ڕێگری لە گرژیی زیاتر بگرن."

وتی یەکەم هەنگاو بریتی دەبێت لە "ئاڵوگۆڕکردنی زیندانییەکان و ئازادکردنی سەرمایە سڕکراوەکانی ئێران."

وتیشی هەنگاوەکانی دیکەش ڕەنگە کەمکردنەوەی کۆتوبەندەکانی ئەمەریکا لەسەر هەناردەکردنی نەوتی ئێران بێت لە بەرامبەر ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 و هاریکارییەکی زیاتری ئێران لەگەڵ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیدا.
بەرپرسێکی ڕۆژئاوایی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی "من بە هێورکردنەوەی گرژییەکان ناوی دەبەم." وتی چەندین جار گفتوگۆی ناڕاستەوخۆ هەبوون لە نێوان برێت مککگۆرکی بەرپرسی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا و دانوستکاری باڵای ئێران عەلی باقری کانیدا لە عومان.

نوێنەری تایبەتی ئەمەریکا بۆ ئێران ڕاب ماڵیش لەگەڵ نێردەی ئێران بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبۆتەوە، ئەوەش چەند مانگێک دوای ئەوەی ئێران ڕەتی کردەوە گفتوگۆی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکادا بکات.

بەرپرسە ڕۆژئاواییەکە وتی بیرۆکەکە ئەوەیە دۆخێکی هەنووکەیی دروست بکرێت بۆ هەردوولا بگونجێت، بە شێوەیەک ئێران دووربکەوێت لەو هێڵە سوورەی ڕۆژئاوا دایناوە بۆ پیتاندنی یۆرانیۆم و هەروەها "ڕاگرتنی" پیتاندنی یۆرانیۆم بۆ لە سەدا 60 لەلایەن ئێرانەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز