ئەمەریکا داوا لە ڕەئیسی دەکات گفتوگۆکان لەسە ڕێکەوتنە ناوەکییە دەستپێبکاتەوە

سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی

ئەمەریکا داوای لە سەرۆکی نوێی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی کرد بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان سەبارەت بە دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکییەکەی ساڵی 2015، جەختیشی لەوە کردەوە دەرگای گفتوگۆکان هەمیشە بەکراوەیی نامێنێتەوە.

لەگەڵ دەرکەوتنی ڕەئیسی کە ڕۆژی پێنجشەممە سوێندی یاسایی خوارد، سەرجەم لقەکانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لەلایەن کەسانی سەر بە ڕابەری باڵای ئێران ئایەتوڵا عەلی خامنەئییەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێن.

لە مانگەکانی ڕابردوودا ئێران و شەش زلهێزی جیهان لە دانوستاندا بوون بۆ دووبارە زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکە، کە سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کشایەوە لێی، دوایین خولی دانوستانەکان لە ڤییەنا لە 20 ی مانگی شەشدا کۆتایی هات.

وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا نێد پڕایس بە ڕۆژنامەنووسانی وت " پەیامی ئێمە بۆ سەرۆک ڕەئیسی هەمان پەیامە کە ئاڕاستەی سەرۆکەکانی پێشوومان کردووە، ئەمەریکا بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی ئاسایشی نیشتیمانی خۆمان و هاوبەشەکانمان دەکات."

وتیشی " هیوادارین ئێران ئەو هەلەی ئێستا هەیە بۆ چارەسەری دیبلۆماسی بیقۆزێتەوە."

هەروەها ئەوەشی خستەڕوو " داوا لە ئێران دەکەین بەزوویی بگەڕێتەوە سەر گفتوگۆکان تاوەکو بتوانین کۆتایی بە کارەکانمان بهێنین."

وتی " ئەم پڕۆسەیە ناکرێت تا هەتایە بەردەوام بێت " و کاتێک دێت سوودەکانی زیندووکردنەوەی ڕێکەوتنە ناوەکیەکەی ساڵی 2015 بەهۆی پەرەسەندنی بەرنامە ناوەکییەکەی ئێرانەوە نامێنێت.

سەرچاوە/ فرانس پرێس