عەبدوڵا ڕێشاوی: هەرێمی کوردستان کەمتر ئەگەری هەیە ببێتە چەقی ململانێکانی ئەمەریکا و ئێران

گفت و گۆ - هەریمی کوردستان

لە ئەم دواییانەدا گوتاری ئەمەریکا و ئێران بەرامبەر بە یەکتر توندتر بووە و شارەزایان پێیان وایە ئەمەریکا بە کۆکردنەوەی هێزی سەربازی لە کەنداودا زەنگی جەنگ لێئەدات دژ بە ئێران.

لە سەروبەندی گفتوگۆیەکی کراوەدا‌ کە لە شاری سلێمانیدا ڕێکخرا سەبارەت بە ململانێکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، تاوتوێی دۆخی هەرێمی کوردستان کرا و چاودێرێکی سیاسیش باسی لەوە کرد کە هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی کەمتری هەیە ببێتە چەقی ململانێکان.

گفتوگۆیەکە لەژێر ناونیشانی "هەرێمی کوردستان لەبەردەم گۆڕانکارییەکانی ناوچەکەدا" بەڕێوەچوو و تێیدا دەیان نووسەر و ڕۆشنبیر و چاودێری سیاسی بەشداربوون و بۆچوونەکانیان لەسەر ئەو پرسە خستە ڕوو.

نووسەر و چاودێری سیاسیی، عەبدوڵا ڕێشاوی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا باسی لەوە کرد "ئەوەی ئەمەریکا دژ بە ئێران ئەیکا فشارێکە بۆ سنووردارکردنی نفووزی ئێران لە ناوچەکە، جا ئەکرێت جەنگ ڕووبدات یان ئەمەریکا تەنها بیەوێت فشارێک درووستبکات بۆ ئەوەی ئێران مل بدات بۆ دانوستان‌."

هەروەها وتیشی "هەرێمی کوردستان ئەگەرێکی کەمتری هەیە ببێتە چەقی ململانێی هەردوو زلهێز وەک لە گەرووی هورمز و خوارووی عێراق."

ماوەی چەند ڕۆژێکە هێزە شیعییەکانی عێراق داوای بەرپانەکردنی جەنگ و بەکارنەهێنانی خاکی عێراق ئەکەن بۆ هەر هێرشێکی سەربازی. لەوبارەیەوە عەبدوڵا ڕێشاوی وتی "هەڵوێستی هێزە شیعییەکانی عێراق دژ بە جەنگ و داواکردنی ئاشتی، هەنگاوێکە لە بەرژەوەندی ئێراندایە."

Your browser doesn’t support HTML5

ئێران و ئەمەریکا