سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ میوانداری سەرۆک وەزیری هیندستان نرێندر مۆدی کرد لە کۆشکی سپی و دوو سەرۆکەکە کۆمەڵێک گرێبەستییان لە بواری وزە و بەرگریدا واژۆ کرد، هەروەها ڕێککەوتن لەسەر ڕێگەیەک بۆ ئەوەی هیندستان فڕۆکەی شەڕکەری F-35 ی ئەمەریکایی بکڕێت.
سەرۆک ترامپ ڕێککەوتنەکانی لەسەر وزە و بۆشایی ئاسمان و بەرگری لەگەڵ هیندستاندا ڕاگەیاند، لەوانەش ئەگەری هاتنە ناوەوەی هیندستان بۆ پڕۆگرامی فڕۆکەی شەڕکەری F-35، کە لە ئێستادا چەند وڵاتێکی کەم لەو پڕۆگرامەدان و سەرجەمییان هاوپەیمانی نزیکی ئەمەریکان.
سەرۆک ترامپ دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ مۆدیدا لە کۆشکی سپی وتی " ڕێککەوتنی ئەمەریکا و هیندستان بۆ سەدەی 21 دەستپێشخەرییەکی مێژووییە کە هەموو لایەنەکانی هاوبەشی و دۆستایەتیمان قووڵتر دەکاتەوە. لە سەرەتای ئەمساڵەوە، فرۆشییە سەربازییەکانمان بە هیندستان بۆ ملیاران دۆلار زیاد دەکەین. هەروەها ڕێگە خۆشدەکەین بۆ ئەوەی بۆ دواجار فڕۆکەی شەڕکەری F-35 بدەین بە هیندستان."
هەروەها باسی لەوەش کرد کە هیندستان نەوت لە ئەمەریکا دەکڕێت.
مۆدی وتی " کاتێک ئەمەریکا و هیندستان پێکەوە کاردەکەن، هاوبەشیەکی گەورە دروست دەبێت، هاوبەشییەک بۆ ئاوەدانی و خۆشگوزەرانی."
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا