ئەمەریکا سزا بەسەر تۆڕی بازرگانی حزبوڵا و حوسییەکاندا دەسەپێنێت

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئەمەریکا سزای زیاتری سەپاندووە بەسەر تۆڕەکانی بازرگانی حزبوڵا و حوسییەکاندا، لە کاتێکدا کە واشنتن فشارەکانی بۆ سەر تاران و ئەو گروپە چەکدارییانەی کە ئێران پشتیوانییان لێدەکات زیاتر کردووە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئەو کەس و کۆمپانیایانەی کردووەتە ئامانج کە لە جیاتی تۆڕی فەڕمی دارایی حوسییەکان دەستییان هەیە لە گواستنەوەی شتومەکی ئێرانیدا، بە نەوت و گازی شلکراوەشەوە بۆ یەمەن و ئیماڕات.

وتیشی داهاتی تۆڕی سەعید ئەل جەمال یارمەتی حوسییەکان دەدات لە ڕووی داراییەوە تاوەکو بتوانن کەشتیە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و ژێرخانە مەدەنییەکە بکەنە ئامانج. هێرشەکانی حوسییەکان بۆ سەر کەشتیە بازرگانییەکان لە دەریای سووردا ڕێڕەوە بازرگانییەکەی تێکداوە کە گرنگە بۆ بازرگانی نێوان ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا.

هەروەها گواستنەوەی گازی شلکراوی حزبوڵاش کراوەتە ئامانج، کە لە ڕێی بەڕێوبەری کەشتییەکی بنکە لە هۆنگ کۆنگ و چەندین تانکەری دیکەوە گواستراوەتەوە.

خەزێنەی ئەمەریکا وتی گروپی تەلەقی ژێر کۆنتڕۆڵی حزبوڵا دوو تانکەری بەکارهێناوە بۆ گواستنەوەی گازی شلکراو لە ئێرانەوە بۆ چین، کە بەهای گازەکە دەگاتە دەیان ملیۆن دۆلار.

جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا بۆ کاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی برادلی سمیث وتی " کارەکانی ئەمڕۆ تیشک دەخەنە سەر بەردەوامی پابەندبوونمان بە تێکدانی سەرچاوەی سەرەکی داهاتی ئێرانەوە بۆ پشتیوانیکردن لە گروپە تیرۆریستییەکانی ناوچەکە لە ڕووی داراییەوە، لەوانەش حزبوڵای لوبنان و حوسییەکان."

وتی " پەیامی ئێمە ڕوونە: ئەوانەی هەوڵی ئەوە دەدەن لە ڕووی داراییەوە یارمەتی چالاکییە تێکدەرەکانی ئەم گروپانە بدەن سزا دەدرێن."

ئەو کەس و گروپ و لایەنانەی کە سزاکانییان بەسەردا سەپێندراوە سەرمایەکانییان لە ئەمەریکا سڕ دەکرێن و سزاکان بە گشتی قەدەغەی دەکەن لەسەر ئەمەریکاییەکان مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. ئەو دامەزراوە داراییانەشی کە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن مەترسی ئەوەیان لەسەر دەبێت ئەوانش سزا بدرێن.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز