ڕێژەی بێ ماڵ و حاڵەکانی ئەمەریکا بۆ لە سەدا 12 بەرز دەبێتەوە

Homeless Camps Liberal Crackdown

بەرپرسانی فیدڕاڵی دەڵێن بەهۆی بەرزبوونەوەی نرخی خانوو و کەمبوونەوەی یارمەتییەکانی پەتای کۆرۆناوە، ڕێژەی بێ ماڵ و حاڵی لە ئەمەریکا بۆ لە سەدا 12 بەرز بووەتەوە، ئەمەش بەرزترین ئاستە هەتاوەکو ئێستا تۆمارکرابێت.

نزیکەی 653,000 کەس بێ ماڵ و حاڵ بوون، ئەوەش زۆرترین ژمارەیە لەو کاتەوەی کە وڵاتەکە لە ساڵی 2007 دا دەستیکرد بە بەکارهێنانی سەرژمێرییەکی ساڵانەی ئەو کەسانەی کە بێ ماڵ و حاڵ بوون. کۆی گشتی لە ژماردنی مانگی یەکدا نزیکەی 70,650 کەس زیاتر بووە بە بەراورد لەگەڵ ساڵێک لەوەوبەردا.

نوێترین خەمڵاندنەکە ئاماژە بەوە دەدات کە ئەو کەسانەی کە بۆ یەکەمین جار بێ ماڵ و حاڵ دەبن هۆکاری سەرەکی زیادبوونی ژمارەکە بوون.

ئانا ئۆلیڤیا، سەرۆکی جێبەجێکاری گروپی ڕاوێژی هاوپەیمانی نیشتیمانی بۆ کۆتایی هێنان بە بێ ماڵ و حاڵی وتی " بۆ ئەوانەی کە لە بەرەکانی پێشەوەی قەیرانەکەدان ئەوە شتێک نیە توشی سەرسوڕمانییان بکات."

وەزیری خانووبەرە و گەشەی شارەکان مارسیا فەدج وتی داتاکان تیشک دەخەنە سەر " پێویستییەکی بەپەلە " بۆ پشتگیریکردن لە چارەسەرە سەلمێندراوەکان کە بە خێرایی یارمەتی خەڵکەکە دەدەن لە بێ ماڵ و حاڵی بێنە دەرەوە و ئەوەش هەر لە سەرەتاوە ڕێگری لە بێ ماڵ و حاڵ بوون دەکات.

لە یەکەمین سەرژمێریدا لە ساڵی 2007، لەو کاتەدا ئەمەریکا بۆ ماوەی 10 ساڵ بوو بەرەو پێشەوە دەڕۆیشت لە کەمکردنەوەی دانیشتوانی بێ ماڵ و حاڵدا، لە کاتێکدا کە حکومەت سەنگی خستبووە سەر زیادکردنی وەبەرهێنانەکان، ژمارەی بێ ماڵ و حاڵەکان لە ساڵی 2010 دا نزیکەی 637,000 کەس بوون، بەڵام ئەو ژمارەیە لە ساڵی 2017 دا کەم بووەوە بۆ نزیکەی 554,000 کەس.

لە ژماردنەکەی ساڵی 2020 دا ژمارەکە بەرزبووەوە بۆ نزیکەی 580,000 کەس و بە نزیکەیی بۆ ماوەی دوو ساڵی دواتر لەو ئاستەدا مایەوە، ئەوەش بەهۆی ئەوەی کۆنگرێسی ئەمەریکا یارمەتی هاووڵاتیانی دەدا لە کرێی خانووەکانییاندا و وەکو یارمەتی پارەی دەدانێ، هەروەها یارمەتی ڕەوانەی ویلایەتەکان و دەسەڵاتە ناوخۆییەکان دەکرد.

جێف ئۆلیڤێت، بەڕێوبەری جێبەجێکاری ئەنجومەنی نێو دەزگاکانی ئەمەریکا لەسەر بێ ماڵ و حاڵی، ، وتی یارمەتییەکە " ئەو بەرزبوونەوەیەی ئاستی بێ ماڵ و حاڵییەی ڕاگرت کە ئێستا دەیبینین." وتیشی چەندین هۆکار لە پشت ئەو کێشەیەوەن.

وتی " گەورەترین هۆکار کەمی ئەو خانووانەیە کە خەڵکەکە بتوانن بە کرێی بگرن، هەروەها بەرزبوونەوەی نرخی خانوو کە زۆرێک لە ئەمەریکییەکانی بە شێوەیەک لێکردووە موچە بە موچە بژین و یەک قەیران دوورن لە بێ ماڵ و حاڵ بوونەوە."

ڕەشپێستەکانی ئەمەریکا کە لە سەدا 13 ی دانیشتوانی ئەمەریکا پێکدێنن لە سەدا 37 ئەو ژمارەیەیە لە بێ ماڵ و حاڵەکان. هیسپانی یاخود لاتینۆکان کە لە سەدا 19 ی دانیشتوانی ئەمەریکا پێکدێنن لە سەدا 33 ژمارەی بێ حاڵ و ماڵەکان پێکدەهێنن. هەروەها زیاتر لە چارەکێکی ئەو پێگەیشتووانەی کە ڕووبەڕووی بێ ماڵ و حاڵی بوونەتەوە لەسەروو تەمەنی 54 ساڵییەوەن.

سەرچاوە/ AP