جەنەڕاڵێکی ئەمەریکی هۆشیاری دەدات لەسەر ئەگەری دووبارە سەرهەڵدانەوەی ڕێکخراوی داعش

دووەمین سەرکردەی باڵای هاوپەیمانێتی دژ بە ڕێکخراوی داعش لە عێراق و سوریا جەنەڕاڵی ئەمەریکی ئەلێکسس گرینکۆیچ وتی هێشتا ئەگەری هەیە ڕێکخراوی داعش دووبارە سەرهەڵبداتەوە لە حاڵەتێکدا ئەگەر ئەمەریکا لە عێراق بکشێتەوە، ئەمەش سەرەڕای ئەوەی ڕێکخراوەکە بێ هێز بووە.

گرینکۆیچ لەمیانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا وتی " ڕێکخراوی داعش بەدڵنیاییەوە هێشتا هەڕەشەیە،" هەروەها هۆشیاریدا لەسەر ئەوەی " توانای هەیە دووبارە دەربکەوێتەوە ئەگەر فشارەکانمان بۆ ماوەیەکی زۆر لەسەر ڕێکخراوەکە لاببەین."

جەنەڕاڵ گرینکۆیچ ئەوەشی خستەڕوو داعش لە ماوەی مانگەکانی ڕابردوودا بێهێزی خۆی دەرخست بەوەی کە نەیتوانی خۆپیشاندانەکان بقۆزێتەوە و دووبارە سەرهەڵبداتەوە.

ئاماژەشی بەوەدا خۆپیشاندانەکانی عێراق یارمەتیدەر بوون بۆ هاوپەیمانێتی دژ بە داعش تاوەکو تواناکانی داعش هەڵبسەنگێنێت کە لە ئێستادا توانای نیە و ناتوانێت خۆی کۆبکاتەوە.

جێی ئاماژەیە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ و هاوتا عێراقیەکەی بەرهەم ساڵح لەمیانەی کۆبوونەوەکەیاندا لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس جەختیان کردەوە لە پێویستی پاراستنی ڕۆڵی سەربازی ئەمەریکا لە عێراق، ئەمەش بەپێی بەیاننامەیەکی کۆشکی سپی کە هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەداوە سەبارەت بە چوارچێوەی ئەم هاریکارییە.

جەنەڕاڵ گرینکۆیچ وتیشی عێراق " هێندەی ئێمە بەرژەوەندی " هەیە لەوەدا کە هاوپەیمانێتی دژ بە داعش بەردەوام بن لە فشارەکانیان بۆ سەر ڕێکخراوەکە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس