بلینکن: وادەردەکەوێت ڕوسیا پلان بۆ داگیرکردنی ئۆکرانیا دابنێت

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی ڕوسیا وادەردەکەوێت پلانی بۆ ئەنجامدانی ئەرکی سەربازیی دژی ئۆکرانیا دانابێت، هەروەها هۆشداریدایە مۆسکۆ لە دەرەنجامەکان ئەگەر ڕوسیا دوژمنکاریی دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات.

بلینکن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا دوابەدوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەیوڵاتانی ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆ لە لاتیڤیا وتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بەو بەڵگانەی کە ئاماژە بەوە دەدەن ڕوسیا پلانی داڕشتووە بۆ جوڵەیەکی دوژمنکاریی گەورە دژی ئۆکرانیا، لە پلانەکانیدا خستنەوەی ناسەقامگیرییە لە ناوخۆی ئۆکرانیادا، هەروەها کۆمەڵێک ئەرکی سەربازیی بەرفراوان."

وتی " لەم هەفتانەی دواییدا " مۆسکۆ ئامادەکارییەکانی زیاتر کردووە، لەوانەش جێگیرکردنی دەیان هەزاران سەربازی دیکە لەنزیک سنووری ئۆکرانیاوە.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا هۆشداریشیدایە کرێملن کە " ئێمە وەڵام دەدەینەوە، لەوانەش سەپاندنی سزای ئابووریی کاریگەر کە پێشتر لە ڕابردوودا بەکارمان نەهێناوە."

لێدوانەکانی بلینکن ماوەیەکی کورت دوای کۆبوونەوەکەی وەزیرانی دەرەوەی هاوپەیمانێتی ناتۆ هات کە تیایدا هاوسۆزییان بۆ ئۆکرانیا دەربڕی لە دژی دومنکارییەکانی ڕوسیا بەرامبەر ئەو وڵاتە. ئەمەریکاش پلانەکانی بلینکنی پشتڕاستکردەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوەی جیا لەگەڵ هاوتا ڕوسی و ئۆکرانیەکەیدا.

بەرپرسێکی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وتی ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەکان لە ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوید ئەنجام دەدرێن،بلینکن لەگەڵ هەریەک لە وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا و وەزیری دەرەوەی ڕوسیا سێرگەی لاڤرۆڤدا کۆدەبێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا