سەرۆک بایدن: ئەگەرێکی ڕوون هەیە لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئۆکرانیا داگیردەکات

سەربازانی ئۆکرانیا لە بەرەکانی پێشەوە، ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا

کۆشکی سپی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن هۆشداریداوەتە سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکی و پێی وتووە " ئەگەرێکی ڕوون " هەیە لەسەر ئەوەی لەوانەیە مانگی داهاتوو ڕووسیا ئۆکرانیا داگیربکات.

وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمەریکا ئێمیلی هۆڕن وتی " سەرۆک بایدن وتی ئەگەرێکی ڕوون هەیە لەسەر ئەوەی ڕووسییەکان لە مانگی دوودا ئۆکرانیا داگیربکەن. سەرۆک بایدن ئەمەی بە ئاشکرا وت، چەند مانگێکیشە هۆشداری لەسەر ئەمە دەدەین."

ڕۆژی پێنجشەممە ڕووسیا وتی " بوارێکی کەم هەیە بۆ گەشبینی " لەسەر ئەوەی گرژییەکانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا کەم ببێتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئەمەریکا داواکانی ڕووسیای ڕەت کردەوە سەبارەت بەوەی ڕێگە نەدرێت ئۆکرانیا ببێتە ئەندام لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا و ڕۆژئاوا چەک و هێزەکانیان لە وڵاتانی نزیک ڕووسیا بکشێننەوە.

وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگەی لاڤرۆڤ وتی وەڵامەکەی ئەمەریکا بۆ داواکارییەکان " وەڵامێکی ئەرێنی تێدا نیە "، بەڵام بەشێکی وەڵامەکە پێدەچێت ببێتە هۆی " دەستپێکردنی گفتوگۆیەکی جددی لەسەر کێشەکانی دیکە."

لاڤرۆڤ وتیشی بەرپرسانی وڵاتەکە بەردەوام دەبن لە پێشنیارکردنی پلانەکان بۆ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمێر پوتن. وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ وتی بەمزووانە ڕووسیا کاردانەوەی دەبێت و " هەمیشە بژاردەی بەردەوام بوونی گفتوگۆ هەیە. ئەوە لە بەرژەوەندی ئێمە و ئەمەریکییەکانیشدایە."

بایدن قسەی لەگەڵ سەرۆکی ئۆکرانیا ڤۆلۆدیمێر زیلینسکیدا کرد و دڵنیای کردەوە لە پشتیوانی ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی بۆ ئەو وڵاتە. دواتر سەرۆکی ئۆکرانیا لە تویتێکدا ئاماژەی بەوەدا لەگەڵ بایدندا باسیان لە پشتیوانی زیاتری دارایی ئۆکرانیا کردووە.

ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی ڕووسیا و فەڕەنسا و ئەڵمانیا و ئۆکرانیا لە پاریس کۆبوونەوە و ڕێکەوتن لەسەر ئەنجامدانی خولێکی دیکەی گفتوگۆکان لە بەرلین لە مانگی دوودا. نوێنەری کرێملن بۆ گفتوگۆکان دمیتری کۆزاک وتی سەرجەم لایەنەکان ڕێکەوتن لەسەر ئەوەی ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بپارێزن.

وتی " هیوادارین ئەم پڕۆسەیە لە ماوەی دوو هەفتەی دیکەدا ئەنجامی هەبێت."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا وتی " هیچ شتێک نەگۆڕاوە، هەواڵە باشەکە ئەوەیە ڕاوێژکارەکان ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی دوو هەفتەی دیکە لە بەرلین کۆببنەوە، ئەوەش مانای ئەوەیە پێدەچێت ڕووسیا بۆ دوو هەفتەی دیکە لەسەر ئاڕاستە دیبلۆماتیەکە بمێنێتەوە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا