سەرۆک بایدن بە سەرۆکی فیلیپین دەڵێت پابەندبوونی ئەمەریکا بە بەرگری فیلیپینەوە جێگیرە

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن و سەرۆکی فیلیپین فێردیناند مارکۆس

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لە کۆشکی سپی بە سەرۆکی فیلیپین فێردیناند مارکۆس جونیەری وت پابەندبوونی ئەمەریکا بە بەرگری فیلیپینی هاوپەیمانییەوە " جێگیرە "، لە دەریای باشووری چینیشدا کە لەوێ فیلیپین لە ژێر فشاری چیندایە.

مارکۆس کە لە ماوەی 10 ساڵی ڕابردوودا یەکەمین سەرۆکی فیلیپینە سەردانی ئەمەریکا بکات، جەختی لە گرنگی ئەمەریکا کردەوە وەکو هاوپەیمانی سەرەکی وڵاتەکە لە ناوچەکەدا کە " ڕەنگە لە ئێستادا لە جیهاندا لە ئاڵۆزترین دۆخی جیۆسیاسیدا بێت."

بەرپرسانی ئەمەریکا وتییان دوو سەرۆکەکە لەسەر ڕێنماییە نوێیەکان بۆ هاریکارییەکی پتەوتری سەربازی و ئابووریی ڕێکدەکەن، هەروەها تیشک دەخەنە سەر ئەو گۆڕانکارییە گەورەیەی کە لەم ساڵدا لە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و فیلیپیندا بیندرا.

سەرۆک بایدن لە کۆشکی سپی بە مارکۆسی وت " ئەمەریکا جێگیرە لە پابەندبوونمان بە بەرگری فیلیپینەوە، لە دەریای باشووری چینیشدا." سەرۆک بایدن بەم ڕاگەیاندنەی جەختی لە پەیماننامەی بەرگری هاوبەشی ساڵی 1951 ی نێوان دوو وڵاتەکە کردەوە کە تیایدا داوا لە ئەمەریکا دەکات بجوڵێت لە حاڵەتی هەر هێرشێکی چەکدارییدا بۆ سەر سوپای فیلیپین.

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان ڕێنماییە نوێیەکان سەنگییان خستۆتە سەر هاریکارییە سەربازییەکان لە دەریا و وشکانی و ئاسمانی و بواری ئەلیکترۆنی و بۆشایی ئاسماندا، هاوکات بەڕێوبەرایەتییەکەی ئەمەریکا سێ فڕۆکەی C-130 دەگوازێتەوە بۆ فیلیپین و بە نیازە کەشتی ئێشکگری زیاتر ڕەوانەی ئەو وڵاتە بکات.

مارکۆس وتی " ئەوە سروشتییە بۆ فیلیپین کە سەیری هاوبەشە تاقانەکەی بکات لە جیهاندا بۆ پتەوکردن و دووبارە دروستکردنەوەی ئەو پەیوەندییانەی کە هەمانە و ئەو ڕۆڵەی دەیگێڕین بە ڕووی ئەوانەدا کە گرژییەکان زیاد دەکەن و لە ئێستادا لە دەوروبەری دەریای باشووری چین و پاسێفیکی ئاسیا و ناوچەی ئیندۆ پاسێفیکدا دەیانبینین."

لە ژێر دەسەڵاتی ڕۆدریگۆ دوتێرتیدا کە سەرۆکی پێشووی فیلیپین بوو، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و فیلیپین خراپ بوون و فیلیپین بە شێوەیەکی بەرچاو لە ئەمەریکا دوورکەوتەوە و پەیوەندییەکی نزیکتری لەگەڵ چیندا دامەزراند.

بایدن بە مارکۆسی وت " ماوەیەکی زۆر نەهاتوویت بۆ ئێرە." دواتر باسی لەوە کرد مارکۆس جونیەر کاتی خۆی لەگەڵ باوکیدا هاتووە بۆ ئەمەریکا کاتێک باوکی لەگەڵ سەرۆکی ئەو کاتەی ئەمەریکا ڕۆناڵد ڕیگندا کۆبۆتەوە.

مارکۆس ساڵی ڕابردوو بووە سەرۆکی فیلیپین و هەوڵی پەیوەندییەکی گەرموگوڕی داوە لەگەڵ ئەمەریکا و چینیشدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز