وەزیری بەرگری ئەمەریکا سەردانی کیێڤ دەکات

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن بە سەردانێکی ڕانەگەیەندراو کتوپڕ گەیشتە کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا، ئەمەش لە پێناو دەرخستنی پشتیوانی ڕۆژئاوادا بۆ ئۆکرانیا و دڵنیاییدان بە سەرکردەکانی ئۆکرانیا لەسەر ئەوەی ئەمەریکا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیکردنی وڵاتەکەیان لە شەڕیدا دژ بە داگیرکارییەکەی ڕووسیا.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی بە ئۆستنی وت " سەردانەکە ئاماژەیەکی زۆر گرنگە بۆ ئۆکرانیا، ئێمە زۆر سوپاسگوزاری گەلی ئەمەریکاین. ئەوان لەم کاتە سەختەدا لەگەڵماندان، لەم چەند مانگە سەخت و ئەم هەموو ساڵە لەگەڵماندا بوون."

ئۆستن لە ماوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی دووشەممەدا لەگەڵ زێلێنسکی بەڵێنیدا لەسەر بەردەوامبوونی پشتیوانییەکانی ئەمەریکا بۆ ئۆکرانیا و بە زێلێنسکی وت " ئەمەریکا لەگەڵتدایە و بۆ ماوەیەکی دورودرێژیش لەگەڵتدا دەمێنێتەوە. ئەوەی لە ئۆکرانیا ڕوودەدات نەک تەنها گرنگە بۆ ئۆکرانیا بەڵکو گرنگیشە بۆ سەرانسەری جیهان."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا