وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن لە ماوەی سەردانێکدا بۆ سوید وتی ئەمەریکا بە پەرۆشەوەیە بۆ پێشوازیکردن لە سوید وەکو ئەندامێکی ناتۆ پێش کۆبوونەوەکەی دواتری ناتۆ لە مانگی حەوتدا، وتیشی هانی تورکیا و هەنگاریا دەدات داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە هاوپەیمانێتییەکەدا پەسەند بکەن.
لە مانگی سێی ساڵی ڕابردوودا فینلەندا و سوید بە فەڕمی داوای ئەندامێتییان کرد لە هاوپەیمانێتی ناتۆدا. لە ماوەی ڕابردوودا لەم مانگەدا داواکەی فینلەندا پەسەند کرا و بووە 31 ەمین ئەندام لە هاوپەیمانێتییەکەدا.
بەڵام داواکەی سوید لەلایەن تورکیا و هەنگاریاوە ڕاگیراوە، دوو وڵاتەکە هێشتا داواکەی سویدییان بۆ چوونە پاڵ ناتۆ پەسەند نەکردووە.
ئۆستن لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " بە پەرۆشەوەین بەمزووانە پێشوازی لە سوید بکەین وەکو 32 ەمین ئەندامی ناتۆ. بۆ ئەوەی ڕوونتر بم، بە پەرۆشەوەین ئەوە پێش کۆبوونەوەکەی مانگی حەوت ڕووبدات."
وتیشی " هانی تورکیا و هەنگاریای هاوپەیمانمان دەدەین بە زووترین کات داواکەی سوید پەسەند بکەن."
مەبەست لە سەردانەکەی ئۆستن بۆ سوید گفتوگۆکردن بوو لەگەڵ وەزیری بەرگری سوید پۆڵ جۆنسندا سەبارەت بە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا و داواکەی سوید بۆ ئەندامێتی لە ناتۆدا.
وەزیری بەرگری سوید وتی سەردانەکەی ئۆستن نیشانەیەک بوو لەسەر " پابەندبوونی ئەمەریکا بە ئاسایشی سویدەوە لەسەر بنەمای دوولایەنە " و دەرفەتێک بوو بۆ سوید تاوەکو توانا سەربازییەکانی خۆی دەربخات.
سەردانەکەی ئۆستن بۆ سوید هاوکاتیش بوو لەگەڵ گەورەترین مەشقی سەربازی سویددا کە بە ئاروڕا 23 ناسراوە.
نزیکەی 700 سەربازی ئەمەریکا بەشداری لە مەشقەکەدا دەکەن، هاوکات هێزەکانی بەڕیتانیا و فینلەندا و پۆڵەندا و نەرویج و ئیستۆنیا و لاتیڤیا و لیتوانیا و ئۆکرانیا و دانیمارک و ئوستریا و ئەڵمانیا و فەڕەنساش بەشداری تێدا دەکەن.
لە مەشقەکەدا نزیکەی 26000 سەرباز بەشداری دەکەن، مەشقەکەش لە دەوروبەری سوید دەبێت و مەشقی دەریایی و وشکانی و ئاسمانیشی تێدا دەبێت.
مەشقەکە تاوەکو 11 ی مانگی پێنج بەردەوام دەبێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆستن: ئەمەریکا بە پەرۆشەوەیە بۆ ئەندامێتی سوید لە ناتۆدا
وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن، ستۆکهۆڵم، سوید