وەزیری بەرگری ئەمەریکا دەگاتە ئوردن

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن

بەرپرسانی ئەمەریکا ڕادەگەیەنن وەزیری بەرگری ئەمەریکا لە دەستپێکی گەشتەکەیدا بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە ئوردن، گەشتەکەی هەریەک لە ئیسڕائیل و میسڕیش دەگرێتەوە، ئەمەش وەکو دەرخستنی پشتیوانییەک بۆ هاوپەیمانە سەرەکییەکانی لە ناوچەکەدا دژی زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران.

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن پێش ئەوەی واشنتن بەجێبهێڵێت وتی لەگەڵ ڕابەرانی ناوچەکەدا کۆدەبێتەوە بۆ " دووبارە جەخت کردنەوە لە پابەندبوونی ئەمەریکا بە سەقامگیری ناوچەکە و بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە هاوبەشەکانی هاوپەیمان و هاوبەشەکانمان."

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پێش سەردانەکە وتی گفتوگۆکان سەنگ دەخەنە سەر زیادبوونی هەڕەشەکانی ئێران بۆ سەر سەقامگیری ناوچەکە و بەرەوپێشبردنی هاریکارییە چەند لایەنەکانی ئاسایش لە ناوچەکەدا.

بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا وتی ناوەڕۆکی گفتوگۆکان سەنگ دەخەنە سەر " تەواوی ئەو هەڕەشانەی کە پەیوەندییان بە ئێرانەوە هەیە."

وتیشی " ئەو هەڕەشانە بریتین لە پێدانی چەک و مەشق و پارە بە گروپە بریکارە توندوتیژەکانی، دوژمنکارییەکانی لە دەریا، هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان، بەرنامە موشەکییە باڵیستیکییەکەی و هێرشەکانی بە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان."

بەرپرسانی ئەمەریکا وتیان ئۆستن لە سەردانەکەیدا بۆ ئیسڕائیل باس لە نیگەرانییەکانی دەکات سەبارەت بە زیادبوونی گرژییەکان لە کەناری ڕۆژئاوا کە ئوردن و ڕابەرانی عەرەبی نیگەران کردووە، هەروەها باس لە هەوڵە دیبلۆماتییەکانیش دەکات بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ماوەی پشووە ئاینییەکانی موسوڵمان و جووەکاندا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز