وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن ڕۆژی هەینی لە ئیسڕائیل لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەو وڵاتە بنیامین نەتانیاهو و بەرپرسانی باڵای دیکەی حکومەتی ئیسڕائیلدا کۆبووەوە، ئەوەش بە مەبەستی جەختکردنەوە لە پشتیوانی ئەمەریکا بۆ ئەو وڵاتە و بینینی یارمەرتییە سەربازییەکانی واشنتن بۆ ئیسڕائیل.
لە ماوەی دوو ڕۆژدا ئۆستن دووەمین بەرپرسی باڵای ئەمەریکایە کە سەرۆک بایدن ناردوونی بۆ ئیسڕائیل. سەردانەکەی بۆ ئیسڕائیل ڕۆژێک دوای ئەوە دێت وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن گەیشتە ناوچەکە. بلینکن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە و هەوڵی دیپلۆماتی دەدات بۆ ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگەکە.
ئۆستن کاتێک پرسیاری لێکرا سەبارەت بە کوژرانی هاووڵاتیانی سڤیل لە غەززە، وتی ئیسڕائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات و ئاماژەی بەوەدا لە کاتێکدا کە لە سوپادا بووە بۆ ماوەی چەندین ساڵ لەگەڵ هێزەکانی ئاسایشی ئیسڕائیلدا کاری کردووە.
ئۆستن دوای کۆبوونەوەکەی لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆئاڤ گالانتدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت "ئەوان پیشەگەرن، ڕێکخراون و سەنگییان خستووەتە سەر شتە ڕاستەکان."
وەزیری بەرگری ئەمریکا لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییە هاوبەشەکەیدا لەگەڵ هاوتا ئیسرائیلییەکەی، ڕۆژی هەینی 13ی مانگی دە لە تەلئەبیب ڕایگەیاند و گوتی "تیرۆر هەرگیز ڕەوا نییە و پاساوی بۆ ناهێنرێتەوە" و گوتیشی "هەرکەسێک ئاشتی و ئاسایشی بۆ ناوچەکە دەوێت، دەبێت حەماس ئیدانە بکات و گۆشەگیری بکات."
بە وتەی ئۆستن "حەماس نوێنەرایەتی گەلی فەلەستین ناکات و هیوا و خواستی ڕەوای ئەوان نییە بۆ کەرامەت و ئاسایش و هەبوونی وڵات و ئاشتی لە تەنیشت ئیسرائیلەوە."
وەزیری بەرگریی ئەمەریکا ڕایگەیاند، کارەکانی حەماس بیرهێنانەوەی تاقمی تیرۆریستی داعشە. ئاماژەی بەوەشکرد، حەماس جگە لە خورافات و خۆپەرستی کوێرانە و مردن هیچی دیکە نییە.
ئۆستن ئاماژەشی بەوەدا " ئێستا کاتی چارەسەرکردنە نەک تۆڵەکردنەوە، بۆ مەبەستێک نەک بۆ ترسان و بۆ ئاسایش نەک خۆبەدەستەوەدان."
پێش کۆنفرانسە ڕۆژنامەوانییەکە، ئۆستن لەگەڵ نەتانیاهودا کۆبووەوە و سەرۆک وەزیری ئیسڕائیلی دڵنیا کردەوە لەوەی " وەکو چۆن سەرۆک وتی، ئێمە پشتت دەگرین. لە پاڵتدا دەوەستین سەرۆک وەزیر."
بەرپرسانی بەرگری ئەمەریکا کە لەگەڵ ئۆستندان وتییان ئۆستن دەیەوێت تیشک بخاتە سەر پشتیوانیی جێگیریی ئەمەریکا بۆ گەلی ئیسڕائیل و بەرپرسیارێتی ئەوەی کە دڵنیا ببێتەوە لەوەی وڵاتەکە هەرچی پێویست بێت بۆی دابین بکرێت."
بەرپرسێکی باڵای بەرگری ئەمەریکا وتی ئەمەریکا بۆمبی بچووک و موشەکی بەرپەرچدانەوەی داوە بە ئیسڕائیل و زیاتریشی دەداتێ.
لە دوای دەستپێکردنی هێرشەکەی حەماسەوە بۆ سەر ئیسڕائیل، ئۆستن ڕۆژانە قسەی لەگەڵ گالانتدا کردووە و ئاڕاستەی کەشتییە جەنگییەکانی ئەمەریکای گۆڕیوە و لە هەمان کاتیشدا لە ڕووی هەواڵگری و سەرچاوەکانی دیکەوە پشتیوانی لە ئیسڕائیل کردووە. چەند کاتژمێرێک دوای هێرشەکەی حەماس، ئەمەریکا کەشتی و فڕۆکە جەنگییەکانی گواستووەتەوە بۆ ناوچەکە.
گالانت وتی " ئیسڕائیل هەرگیز بە مەبەست تەقە لە هاووڵاتیانی سڤیل ناکات، هەرگیز." بەڵام وتیشی چەکدارانی حەماس خۆیان لە ناو دانیشتواندا شاردووەتەوە و ئیسڕائیل دەبێت جیایان بکاتەوە.
کەشتیگەلی فڕۆکە هەڵگری هێرشبەری یو ئێس ئێس جیراڵد ئاڕ فۆرد لە ئێستادا لە ڕۆژهەڵاتی دەریای ناوەند جێگیر کراوە، دووەم کەشتی دیکە ڕۆژی هەینی لە ڤێرجینیاوە بەرەو ناوچەکە بەڕێدەکەوێت.
سەرچاوە/ AP