ئەمەریکا داوا لە هاوپەیمانان دەکات پشتیوانییە داراییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاد بکەن

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین

وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا جانێت یەڵین داوای لە هاوپەیمانەکانی ئەمەریکا کرد پشتیوانییە داراییەکانیان بۆ ئۆکرانیا زیاتر بکەن، وتی ئەو پشتیوانییە داراییانەی کە تاوەکو ئێستا ڕاگەیەندراون بەس نین بۆ پێداویستییەکانی ئۆکرانیا لە ڕووبەڕووبوونەوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا.

یەڵین لە لێدوانێکدا وتی " پێویستییە داراییەکانی ئۆکرانیا زۆرن." وتیشی بەهۆی ئازایەتی و بلیمەتی بەرپرسەکانیەوە حکومەتی ئۆکرانیا هێشتا بەردەوامە لە کارکردن.

یەڵین وتی " لەو چەند مانگەدا تاوەکو کۆکردنەوەی باج دەستپێدەکاتەوە، ئۆکرانیا پێویستی بە بودجەیەکە تاوەکو موچەی سەربازان و کارمەندا و خانەنشینانی وڵاتەکە بدات، هەروەها بۆ چالاککردنی ئابوورییەکەی بەشێوەیەک کە لە ئاست پێداویستییە سەرەتاییەکانی دانیشتوانەکەیدا بێت."

لە کاتێکدا کە ئۆکرانیا لە کۆتاییدا پێویستی بە " پشتیوانییەکی زۆر گەورە دەبێت " بۆ دووبارە بونیادنانەوەی وڵاتەکە، وڵاتەکە دەبێت " هەنگاو بە هەنگاو " بجوڵێت.

یەڵین وتی " ئەوەی ئاشکرایە ئەوەیە کە ئەو پشتیوانییە داراییانەی کە تاوەکو ئێستا بۆ ئۆکرانیا ڕاگەیەندراون لە ئاست پێویستییە سەرەتاییەکانی ئۆکرانیادا نین."

یەڵین داوای لە هاوپەیمانان کرد " بێنە پاڵمان بۆ زیادکردنی پشتیوانییە داراییەکان بۆ ئۆکرانیا "، ئەمەش لەکاتێکدایە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا نزیک بووەتەوە لە پەسەندکردنی ئەو 40 ملیار دۆلارەی کە پێشنیار کراوە وەکو یارمەتی سەربازیی و مرۆیی بدرێت بە ئۆکرانیا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز