مارک مایڵی: ئەمەریکا پێویستە گەیاندنی چەکەکان بۆ تایوان خێراتر بکات

مارک مایڵی- سەرکردەی ئەرکانی گشتی سوپای ئەمەریکا

جەنەڕاڵی باڵای ئەمەریکا مارک مایڵی دەڵێت ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانی پێویستە گەیاندنی چەکەکان بۆ تایوان لە چەند ساڵی داهاتوودا خێراتر بکەن، ئەوەش بۆ یارمەتیدانی دوورگەکە تاوەکو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.

ئەمەریکا گرنگترین دابینکاری چەکە بۆ تایوان. چین چەندین جار داوای کردووە ئەمەریکا فرۆشتنی چەکەکانی بە تایوان ڕابگرێت.

سەرکردەی ئەرکانی گشتی سوپای ئەمەریکا جەنەڕاڵ مارک مایڵی لە ماوەی سەردانێکیدا بۆ تۆکیۆ وتی " ئەو خێراییەی کە تێیدا ئەمەریکا و وڵاتانی دیکە یارمەتی تایوان دەدەن بۆ باشکردنی توانا بەرگرییەکانی، پێم وایە پێویستە لە ساڵانی داهاتوودا خێراتر بکرێت."

مایڵی وتی تایوان پێویستی بە چەکەکانی وەکو سیستمی بەرگری ئاسمانی و ئەو چەکانەیە کە بتوانێت لەسەر وشکانییەوە کەشتییەکانی پێبکاتە ئامانج.

وتیشی " پێم وایە گرنگە سوپای تایوان و توانا بەرگرییەکانی باشتر بکرێن."

لە ساڵی ڕابردووەوە تایوان گلەیی کردووە لە دواکەوتنی گەیشتنی چەکە ئەمەریکییەکان، لەوانەش موشەکی ستینگەری دژ بە فڕۆکەکان، ئەمەش لە کاتێکدا کە کۆمپانیاکانی چەک ڕوویان کردۆتە ئۆکرانیا لە کاتێکدا ئەو وڵاتە ڕووبەڕووی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بووەتەوە. ئەمەش هەندێک لە یاسادانەرانی ئەمەریکای نیگەران کردووە.

تایوان دەڵێت خەرجییە بەرگرییەکانی ئەم ساڵی سەنگ دەخەنە سەر ئامادەکردنی چەک و کەلوپەلە سەربازییە پێویستەکان بۆ ئەگەری " گەمارۆیەکی تەواو " لەلایەن چینەوە، لەوانەش پارچەی فڕۆکەی F-16 و پارچەکان بۆ نوێکردنەوەی چەکەکان.

لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا چین خەریکی مەشقێکی هاوبەشی هێزەکانە لە دەریادا، ئەمەش پێش مەشقە سەربازییە ساڵانەییەکەی تایوان لە کۆتایی ئەم مانگەدا.

مایڵی وتی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و چین لە " ئاستێکی زۆر نزمدان " و کۆبوونەوە دیبلۆماتییەکانی ئەمدواییانەی نێوان دوو وڵاتەکە، بە کۆبوونەوەکەی نێوان وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکنیشەوە لەگەڵ دیبلۆماتکاری باڵای چین وانگ یی، گرنگ بوون بۆ کەمکردنەوەی مەترسی زیادبوونی گرژییەکان.

مایڵی وتیشی ئەمەریکا تاوتوێی ئەوە دەکات کە ئایا پێویستە شوێنی هەندێک لە هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەی ئاسیا پاسێفیکدا بگۆڕدرێت یاخود نا.

زۆربەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا لە باکووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا جێگیر کراون، 28,500 سەربازی ئەمەریکا لە کۆریای باشوور و 56,000 سەربازی دیکە لە ژاپۆن جێگیر کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز