ئەمەریکا لە ساڵی 2024 دا 460 ملیۆن دۆلاری وەک یارمەتی مرۆیی لە سوریا خەرج کردووە

کامپی هۆل

بەپێی داشبۆردی یارمەتییە دەرەکییەکانی حکومەتی ئەمەریکا، ئەمەریکا لە ساڵی 2024 دا 460 ملیۆن دۆلاری لە یارمەتی مرۆییدا لە سوریا خەرج کردووە. بەڵام ئاماژە بەوە نادات چەندێک لەو پارەیە چووە بۆ باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا.

بەرپرسانی یارمەتییەکان و بەرپرسانی ناوخۆ و دیپلۆماتکاران دەڵێن بڕینی یارمەتییە دەرەکییەکانی ئەمەریکا مەترسی تێکچوونی دوو کامپی لێدەکەوێتەوە لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا کە دەیان هەزاران کەسییان تێدا گیراوە کە پەیوەندییان بە داعشەوە هەیە.

باڵیۆزی کاربەڕێکەری ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان دۆرۆثی شایا بە ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وت کە یارمەتییەکانی ئەمەریکا بۆ کامپەکانی هۆل و ڕۆژ " ناتوانرێت تا هەتایی بێت."

وتی ئەمەریکا زۆر دەمێکەیە یارمەتییە داراییەکانی خستووەتە سەر شانی خۆی، هەروەها داوای لە وڵاتان کرد " هاووڵاتییە ئاوارە و دەستبەسەرکراوەکانی خۆیان لەو ناوچەیە بگەڕێننەوە."

کارمەندانی یارمەتییەکان و بەرپرسانی کامپەکان کە لەلایەن هێزەکانی سوریای دیموکراتیکەوە سەرپەرشتی دەکرێن کە ئەمەریکا پشتیوانییان لێدەکات، لە مێژە داوایان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە هاووڵاتیانی خۆیان لەو کامپانە بگوازنەوە، لە نێو دانیشتوانی کامپەکاندا هەزاران بیانییان تێدایە بە ڕۆژئاواییشەوە.

حەنانی بەڕێوبەری کامپی هۆل وتی لە مانگی یەکدا بەرپرسانی کامپەکە ڕەوانەکردنەوەیەکی بەرفراوانی دانیشتوانییان لە کامپەکەدا ڕێکخستووە، ئەوەش بەهۆی گۆڕانکارییەکانەوە لە حکومەتدا لە سوریا.

وتی زیاتر لە 2,300 عێراقی لەم ساڵدا لە کامپی هۆلەوە گەڕێندراونەتەوە بۆ عێراق.

دوو سەرچاوەی مرۆیی و دانیشتوویەکی کامپی ڕۆژ وتییان گۆڕانکاری لە دابینکردنی یارمەتییەکانی ئەمەریکا بووەتە هۆی دانانی پلانی جێگرەوە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پشێوی و هەوڵەکانی داعش بۆ ڕزگارکردنی چەکدارەکانی.

شێخموس ئەحمەدی سەرۆکی کامپەکان و ئاوارەکان لە بەڕێوبەرایەتی خۆجێی باکووری ڕۆژهەڵاتی سوریا وتی ڕێکخراوە مرۆییەکانی ئەمەریکا زۆر گرنگ بوون بۆ " پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییانەی هەبوون " لە خزمەتگوزارییەکاندا لە کامپەکاندا.

وتی بەڵام ئەگەر یارمەتییەکان هەموویان پێکەوە ڕابگیرێن، ئەوا ئەو کەسانەی کە سەر بە داعشن " دەتوانن سوود لە بۆشاییەکان و نەبوونی پشتیوانی وەربگرن."

بەڕێوبەری کامپی هۆل جیهان حەنان و بەرپرسێکی ڕێکخراوی مرۆیی بلومۆنت کە لە هەردوو کامپەکەدا کار دەکات، وتییان لانیکەم بلومۆنت ڕێگەی پێدراوە بەردەوام بێت لە کارەکانی.

بەرپرسەکە وتی بلۆمۆنت هەوڵ دەدات بەردەوام بێت لە دابینکردنی نانی ڕۆژانە بۆ 135,000 کەس لە کامپەکانی هۆل و ڕۆژ و ناوەندەکانی دیکەش، بەڵام نازانێت تا چەندێک دەتوانێت بەردەوام بێت لەو کارەی.

بەرپرسێکی دیکەی مرۆیی وتی ڕێکخراوە ناحکومییەکانی دیکەش هەوڵییان داوە ڕێگەیان بدرێت بەردەوام بن لە کارەکانییان بەڵام تاوەکو ئێستا لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەی بەخشەرەوە وەڵام نەدراونەتەوە.

وتی " لە ڕاستیدا هیچ کەسێک ناتوانێت ئەوە بکات کە ئەمەریکا دەیکرد. یارمەتییەکانی ئەمەریکا 10 هێندە گەورەتر بوون لە دووەمین بەخشەر لە ڕیزەکەدا."

ئەمەریکا هێشتا سەربازیی لە سوریادا هەیە کە زۆربەیان لە باکووری ڕۆژهەڵاتن، بوونی ئەو هێزانە مەبەست لێی ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی داعش و پشتیوانیکردنە لە هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دژی داعش.

لە ساڵی 2018 دا سەرۆک ترامپ لە ماوەی خولی یەکەمی سەرۆکایەتییەکەیدا ڕایگەیاند کە دەیەوێت هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا بکشێنێتەوە، بەڵام دواتر نەرمی لەو پلانانەدا نواند.

لەم مانگەدا ئێن بی سی نیوز بڵاویکردەوە وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا پلان دادەنێت بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە سوریا.

هێزەکانی سوریای دیموکراتیک وتی ئاگاداری ئەو جۆرە پلانانە نیە. بەرپرسانی یارمەتییەکانیش دەڵێن کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا وادەکات نەتوانن لەو ناوچەیەدا کاربکەن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز