وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت گەورەترین بەربەست لەبەردەم گواستنەوەی هاوڵاتیانی ئەمەریکادا لە ئەفغانستان، " نادیارییەکانی " تاڵیبانە، ئەمە لەکاتێکدایە نزیکەی 100 هاوڵاتی ئەمەریکا هێشتا چاوەڕێ دەکەن ئەفغانستان جێبهێڵن.
بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " گەورەترین بەربەرست لەبەردەم گواستنەوەی هاوڵاتیانمان و ئەوانی دیکەش لە ئەفغانستان، بێگومان نادیارییەکانی تاڵیبانە سەبارەت بەوەی کێ ڕێگەی پێدەدرێت بگوازرێتەوە."
وتیشی " دووەم گەورەترین بەربەست نەبوونی خزمەتگوزاری گەشتی ئاسمانی ڕێکخراوە تاوەکو خەڵکەکە بتوانن بەشێوەیەکی دیار وڵاتەکە جێبهێڵن."
بەرپرسەکە ئاماژەشی بەوەدا لە ئێستادا نزیکەی 100 هاوڵاتی ئەمەریکی " ئامادەن " ئەفغانستان جێبهێڵن.
وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕاشیگەیاند بەرپرسانی وەزارەتەکە بەردەوام " بەشێوەیەکی ڕێکخراو " لەگەڵ ئەو گروپە تایبەتیانەدا پەیوەندی دەکات کە گەشتی ئاسمانی تایبەت بە خۆیان لەو وڵاتە ڕێکدەخەن، هەروەها بەردەوامیشن لە پەیوەندییکردن بە تاڵیبانەوە و کاردەکەن بۆ گواستنەوەیەکی پارێزراوی ئەمەریکیەکان.
دوای ئەوەی تاڵیبان کۆنتڕۆڵی ئەفغانستانی کردەوە و ئەمەریکا ڕایگەیاند هێزەکانی دەکشێنێتەوە، نزیکەی 124,000 هاوڵاتی لە ئەفغانستانەوە گواسترانەوە.
دوای کشانەوەی سەرجەم هێزەکانی ئەمەریکا لە 31 ی مانگی هەشتدا لە ئەفغانستان، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت 85 هاوڵاتی ئەمەریکی توانیویانە ئەفغانستان جێبهێڵن.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا