نەتەوە یەکگرتووەکان: پێدەچێت ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا بەشداربووبێتن لە تاوانەکانی جەنگ لە یەمەن

نەتەوە یەکگرتووەکان وتی پێدەچێت ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیا بەشداربووبێتن لە تاوانەکانی جەنگ لە یەمەن، ئەمەش لەڕێی دابینکردنی چەک و کەلوپەلی سەربازی و زانیاری بۆ هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە.

لیژنەی لێکۆڵەرەوانی سەربەخۆ داوایان کرد هەموو وڵاتان ڕێگە نەدەن چەک ڕادەستی لایەنەکانی جەنگی یەمەن بکرێت.

شارەزایەکی لیژنەکە بە ناوی میلیسا پارک لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا وتی " ئاشکرایە بەردەوامبوونی پێدانی چەک بە لایەنەکانی جەنگی یەمەن ماوەی ململانێکان و ئازارەکانی گەلی یەمەن درێژ دەکاتەوە."

وتیشی " داوا لە هەموو وڵاتانی ئەندام دەکەین لەمەوبەدوا چەک نەدەن بە لایەنەکانی جەنگی یەمەن."

سعودیە و ئیماڕات کە ڕابەرایەتی ئەو هاوپەیمانێتیە سەربازییە دەکەن کە لەدژی حوثییەکانی یەمەن دەجەنگن گەورەترین کڕیاری چەکی ئەمەریکی و بەڕیتانی و فەڕەنسین.

لیژنەی لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان لیستێکی نهێنیان داناوە کە تیایدا ناوی ئەو کەسانەی تێدایە گومانی ئەوەیان لێدەکرێت تاوانی جەنگیان ئەنجام دابێت. هەروەها گەیشتنە ئەو دەرەنجامەی ئەگەری ئەوە هەیە لایەنەکانی جەنگی یەمەن تاوانی جەنگیان ئەنجام دابێت و لە هەمان کاتیشدا ئاماژەیان بە ڕۆڵی وڵاتانی ڕۆژئاوا داوە وەکو پشتیوانیکەرێکی سەرەکی هاوپەیمانێتیەکەی وڵاتانی عەرەبی و هەروەها ئێرانیش وەکو پشتیوانیکەرێکی سەرەکی حوثییەکان.

یەکێک لە ئەندامانی لیژنەکە چارڵز گاراوی وتی " هیچ دەستێکی پاک نیە لەم ململانێیەدا."

ڕاپۆرتەکە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی سعودیە تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی کوشتنی هاوڵاتیانی مەدەنی لەڕێی هێرشە ئاسمانییەکانەوە و هەروەها برسی کردنی گەلی یەمەن بەبێ مەبەست. هەروەها ئاماژەش بەوە دەدات حوثییەکانیش لەلای خۆیانەوە بۆردومانی شارەکانیان کردووە و منداڵیان کردووە بە سەرباز.

ڕاپۆرتەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاماژە بەوە دەکات لیژنەی لێکۆڵەرەوانی سەربەخۆ لیستێکی نهێنیان ناردووە بۆ سەرۆکی کۆمسیۆنی مافەکانی مرۆڤ میشێل باشلییە، لە لیستەکەدا " ناوی ئەو کەسانەی تێدایە کە پێدەچێت بەرپرس بن لە تاوانە نێودەوڵەتییەکان."

لیستەکە زیاتر لە 160 کەسی تێدایە کە هەموویان ڕۆڵێکی سەرەکییان بینیوە و گەورە بەرپرسانی سەربازی سعودیە و ئیماڕات و یەمەن و حوثییەکانیان تێدایە.

هەروەها دەشڵێت " گواستنەوەی چەک لەلایەن فەڕەنسا و بەڕیتانیا و ئەمەریکا و وڵاتانی دیکەوە لەڕووی یاساییەوە هێشتا جێی گومانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز