نەتەوە یەکگرتووەکان: دەبێت هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەستپێبکاتەوە

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت دەبێت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا دەستپێبکاتەوە، هەروەها سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی ڕووسیای کرد بۆ سەر بەندەری ئۆدێسای ئۆکرانیا.

وتەبێژی نەتەوە یەکگرتووەکان فەرحان حەق وتی ئەو گەنمەی هەناردە دەکرێت لە بەندەری ئۆدێسا و دوو بەندەری دیکەی دەریای ڕەشەوە بار دەکرێن، کە ئەوانیش بەندەری چێرنۆمۆرسک و یوژنین. وتیشی " دەمانەوێت دڵنیا ببینەوە لەوەی سەرجەم هەلومەرجەکان گونجاو دەبن بۆ گەشتی پارێزراوی کەشتییەکان."

وتیشی " هەرشتێک لەگەڵ ئەوەدا یەک نەگرێتەوە ئەوا بێگومان یارمەتیدەر نابێت لە سەرکەوتنی ئەم دەستپێشخەرییەدا." هەروەها جەختی لەوە کردەوە " سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەکەی ڕۆژی شەممەی ڕووسیا دەکات بۆ سەر ئۆدێسا."

بەڵام وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ وەڵامی دایەوە و وتی " هیچ شتێک لە ڕێکەوتنەکەی ئیستانبوڵدا نیە کە ڕێگەمان لێبگرێت بەردەوام نەبین لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییە تایبەتەکەمان و لەناوبردنی ژێرخانە سەربازیی و ئامانجە سەربازییەکانی دیکە."

ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا وتی هێرشە موشەکییەکانی بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەکانی بەندەری ئۆدێسا کاریگەریی لەسەر دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی گەنم نابێت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا