لێکۆڵەرەوانی نەتەوە یەکگرتووەکان داوا لە تورکیا دەکەن سەرکێشییەکانی چەکدارەکان لە سوریا ڕابگرێت

سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ لە سوریا پاولۆ پێنیرۆ

لیژنەیەکی نەتەوە یەکگرتووەکان کە تایبەتە بە لێکۆڵینەوە لە تاوانەکانی جەنگ داوای لە تورکیا کرد سەرکێشیەکانی ئەو چەکدارانەی کە لە باکووری سوریا پشتیوانیان لێدەکات ڕابگرێت و ئاماژەشی بەوەدا پێدەچێت ئەو چەکدارانە کاری ڕفاندن و ئەشکەنجەدانیان ئەنجامدابێت و دەستیان گرتبێت بەسەر موڵکی خەڵکدا.

لیژنەکە باسی لەوەش کرد گواستنەوەی هاوڵاتیانی سوری بۆ تورکیا بەمەبەستی دادگاییکردنیان و دەستگیرکردنیان لەلایەن سوپای نیشتیمانی ئۆپۆزسیۆنی سوریاوە پێدەچێت بچێتە ئاستی تاوانی جەنگەوە و گواستنەوەیان کارێکی نایاساییە.

لە ڕاپۆرتێکیان کە نیوەی ساڵی 2020 دەگرێتەوە لیژنەکە دەڵیت کردەوەکانی کوشتن و دەستدرێژی کردنە سەر هاوڵاتیانی مەدەنی لەلایەن گروپە جیاجیاکانی سوریاوە لە زیادبووندایە.

سەرۆکی لیژنەکە پاولۆ پێنیرۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سوپای نیشتیمانی سوریا کە لەلایەن تورکیاوە پشتیوانی لێدەکرێت پێدەچێت تاوانی جەنگی لە عەفرین و ڕاس عەین و ناوچەکانی دەوروبەری ئەنجام دابێت و مامەڵەی توندییان لەگەڵ دیلەکاندا کردووە ئەشکەنجەیان دابن و دەستدرێژییان کردبێتنە سەر."

وتیشی " پێویستە لەسەر تورکیا کار بکات بۆ ڕێگەگرتن لەم پێشێلکارییانە و گرەنتی پارێزراوی هاوڵاتیانی مەدەنی بدات لەو ناوچانەدا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندایە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز