ئەنجومەنی ئاسایش ئەمڕۆ دەنگ دەدەن لەسەر بڕیارێک بۆ وەستاندنی شەڕ لە سوریا

ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەنگدانێک ئەنجام دەدەن لەسەر پڕۆژە بڕیارێک بۆ وەستاندنی شەڕی سوریا بۆ ماوەی 30 ڕۆژ تاوەکو یارمەتییە خۆراکیی و پزیشکییەکان بگەیەنرێن، بەڵام ڕوون نیە پڕۆژە بڕیارەکە لەلایەن ڕوسیاوە پشتیوانی لێکراوە یاخوود نا.

ئەم پڕۆژە بڕیارە دوای ئەوە دێت کە فڕۆکە جەنگییەکان بۆ ماوەی پێنج ڕۆژە بۆمبارانی غوتەی ڕۆژهەڵات دەکەن کە کۆتا شوێنی چەکدارانی ئۆپۆزسیۆنە لەنزیک دیمەشق. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش پێشوازیی لە وەستاندنی شەڕکرد لەوێ.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕوسیا داوای کرد هەندێک چاککاری بکرێت لەو پڕۆژە بڕیارەدا کە کوەیت و سوید دایانڕشتووە، وتی داڕشتنەوەکەی واقعی نیە و ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ناتوانن ئاگربەست لە سوریادا بسەپێنن بەبێ ئەوەی ڕاوێژ لەگەڵ لایەنەکانی سوریادا نەکەن.

هێشتا ئەو گۆڕانکارییانەی لە پڕۆژە بڕیارەکەدا کراوە ڕوون نەبوونەتەوە، نوێنەری کوەیت لە نەتەوە یەکگرتووەکان کە ئەم مانگە سەرۆکایەتی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەکات وتی ڕۆژی هەینی ئەنجومەنەکە دەنگ لەسەر پڕۆژە بڕیارەکە دەدات.

جێی ئاماژەیە پەسەندکرنی هەر پڕۆژە یاسایەک پێویستی بە نۆ دەنگ هەیە و هەروەها پێویستی بەوەشە کە هیچ کام لە ئەندامە هەمیشەییەکانی ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی مافی ڤیتۆ بەکار نەهێنن دژی بڕیارەکە، ئەو وڵاتانەش ڕوسیا و ئەمەریکا و چین و بەڕیتانیا و فەڕەنسان.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز