ڤۆڵکەر تورکی سەرۆکی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند کۆتاییهێنان بە شەڕ لە غەززە " و ڕێگریکردن لە ململانێیەکی تەواو ناوچەیی، پێویستییەکی بەپەلەیە".
تورک لە دانیشتنی ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لە جنێڤ وتی " دەزانین شەڕەکان پەرەدەسەنن بۆ نەوەکانی داهاتوو، و پەرە بە خولی دووبارەبوونەوەی ڕق و کینە دەدەن ئەگەر هۆکارەکانیان بێ چارەسەر بمێننەوە، بەداخەوە شەڕی غەززە نموونەیەکی دیار و ڕوونە. "
تورک تیشکی خستە سەر هێرشی " ترسناکی " حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، ئاوارەبوونی زۆرەملێی 1.9 ملیۆن هاووڵاتی غەززە و ئەو 101 ئیسرائیلییەی کە هێشتا لە غەززە بە بارمتە گیراون، هەروەها " ئۆپەراسیۆنە کوشندە و وێرانکەرەکان " لە کەناری ڕۆژئاوا کە " دۆخێکی کارەساتبار خراپتر دەکەن."
سوپای ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە باسی لەوە کرد شەوی ڕابردوو هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر پێگەکانی حزبوڵا لە باشووری لوبنان.
هەروەها لە سوریاش دەزگای ڕاگەیاندنی سوریا وتی بەهۆی هێرشە ئاسمانییە گومانلێکراوەکانی ئیسڕائیلەوە 14 کەس کوژراون و 40 کەسی دیکە بریندار بوون.
وتیشی هێرشە ئاسمانییەکان بنکە سەربازییەکانییان لە ناوەڕاستی سوریا کردووەتە ئامانج.
ئیسڕائیل بە دەگمەن لێدوان لەسەر هێرشەکانی دەدات لە سوریادا، بەڵام وتوویەتی کە ڕێگە بە بوونی ئێران نادات لە سوریا کە ڕێگەی سەرەکی گواستنەوەی چەکە ئێرانییەکانە بۆ حزبوڵا لە لوبنان.
ڕۆژی دووشەممە سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە جەنگەکە دژی حەماس لە غەززە لە کاتێکدا جەنگەکە چووە دوانزەیەمین مانگییەوە. وتی وڵاتەکە " بە فیکری کوشتن دەورە دراوە کە بەرەی دڕندەی سەر بە ئێران سەرکردایەتییان دەکات. "
ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ چەندین مانگە نێوەندگری دەکەن بۆ گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی ئاگربەست و ئازادکردنی بارمتەکان، بەڵام گفتوگۆکان بەرەوپێشچوونییان بە خۆیانەوە نەبینیوە.
سەرچاوە دەنگی ئەمەریکا