ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ئۆکرانیا لە خارکیڤ گەیشتوونەتە سەر سنووری ڕووسیا

ئۆکرانیا دەڵێت ئەو هێزانەی ئۆکرانیا کە بەرگری لە خارکیڤی دووەم گەورەترین شاری ئۆکرانیا دەکەن، هێزەکانی ڕووسیایان لە ناوچەکە دەرکردووە و تاوەکو سنوری نێوان وڵاتەکە و ڕووسیا پێشڕەوییان کردووە.

ڕۆیتەرز نەیتوانیوە دەستبەجێ ئەو بابەتە پشتڕاست بکاتەوە و نەزاندراوە چەند سەرباز گەیشتوونەتە سنوری ڕووسیا و لە چی شوێنێکی سەر سنوورەکەدان.

وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا وتی فەوجی 227 ی لیوای 127 ی هێزەکانی بەرگری ئۆکرانیا گەیشتوونەتە سنووری نێوان وڵاتەکە و ڕووسیا، وتیشی " پێکەوە بەرەو سەرکەوتن."

وەزارەتەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک گرتە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردۆتەوە و تیایدا 12 سەربازی ئۆکرانی لە میحوەرێکی سەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و ڕووسیا بە ڕەنگەکانی ئاڵای ئۆکرانیاوە دەردەکەون.

فەرمانڕەوای هەرێمی خارکیڤ ئۆلێ سینیگوبۆڤ وتی هێزەکانی ئۆکرانیا میحوەرەکەی سەر سنوورییان گرتۆتەوە.

گوتی " سوپاسی هەموو ئەوانە دەکەین کە ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و ئۆکرانیا لە دەستی داگیرکەرە ڕووسییەکان ڕزگار دەکەن."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز