کیێڤ: هێزەکانی ڕووسیا دانیشتوانی شارۆچکەیەکی نزیک وێستگە ئەتۆمییە داگیرکراوەکە دەگوازنەوە

وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا

سوپای ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا دانیشتوانی شارۆچکەیەک دەگوازنەوە کە نزیکە لە وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژای داگیرکراوەوە لە باشووری ئۆکرانیا.

پێشبینی دەکرێت ئۆکرانیا بەمزووانە دەست بکات بە هێرشە پێچەوانەکەی بۆ دووبارە کۆنتڕۆڵکردنەوەی ئەو ناوچانەی کە ڕووسیا داگیریکردوون، بە هەرێمی زاپۆریژاشەوە.

ئەرکانی گشتی سوپای ئۆکرانیا وتی هێزەکانی ڕووسیا ئەو دانیشتوانانەی شاری بێردیانسک و شارۆچکەی پریمۆرسک دەگوازنەوە کە هەڵگری پاسپۆرتی ڕووسین، هەردوو ناوچەکەش دەکەونە کەناری دەریای ئازۆڤەوە.

وتی " سەرەتا ئەو کەسانە دەگوازرێنەوە کە لە مانگەکانی سەرەتای داگیرکارییەکەدا ڕەگەزنامەی ڕووسییان پەسەند کردووە."
ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەو بابەتە پشتڕاست بکاتەوە.

ڕۆژی شەممە بەڕێوبەری دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی نەتەوە یەکگرتووەکان وتی دۆخەکەی دەوروبەری وێستگەی ئەتۆمی زاپۆریژا " مەترسیدارە." وێستگەکە گەورەترین وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبایە لە ئەوروپادا.

ڕووسیا و ئۆکرانیا یەکترییان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی بۆردومانکردنی وێستگەکە، هەوڵەکانیش بۆ دامەزراندنی ناوچەیەکی پارێزراو بە دەوروبەری وێستگەکەدا شکستییان هێناوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز