وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی دوای ئەوەی ئۆکرانیا زیاتر لە 100 درۆنی ئاڕاستەی ڕووسیا کرد، ئاگرێکی گەورە لە کۆگایەکی چەکی ڕووسیادا کەوتووەتەوە و دواتر تەقیوەتەوە، بەهۆی ئەوەوە شەقامێکی سەرەکی لە وڵاتەکەدا داخراوە.
کۆگاکە وادیارە تەنها چەند کیلۆمەترێک دوور بووبێت لە کۆگایەکی دیکەوە کە ڕۆژی چوارشەممە درۆنێکی ئۆکرانیایی لێیدابوو، 13 کەس بریندار بوون و ئاگرێکی گەورەش کەوتەوە.
ڕۆژی شەممە بەرپرسانی ڕووسیا وتییان 100 کیلۆمەتری شەقامێکی خێرای سەرەکییان داخستووە و سەرنشینەکانییان لە وێستگەیەکی شەمەندەفەری ئەو نزیکانە گواستووەتەوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئاگرێک بووەتە هۆی چەندین تەقینەوە.
لە پۆستەکانی تێلیگرامدا ئاماژە بەوە دراوە کە موشەکێک لە کۆگایەکی چەکی داوە لە نزیک شارۆچکەی تۆرۆپێتسی هەرێمی تڤیری ڕووسیا، کە دەکەوێتە دووری 380 کم لە باکووری ڕۆژئاوای مۆسکۆوە و نزیکەی 500 کم لە سنووری ئۆکرانیاوە.
ڕۆژی شەممە کۆگایەکی تەقەمەنی و جبەخانەیەکی موشەک لە باشووری ڕۆژئاوای ڕووسیا ئاگرییان تێبەربوو لە هێرشێکی جیادا لە هەرێمی کراسنۆدار، ئاگرەکە چەندین تەقینەوەی لێکەوتەوە و خەڵکەکە لە ناوچەکە گواسترانەوە.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕۆژی شەممە وتی شەوی ڕابردوو 101 درۆنییان بەسەر خاکی ڕووسیا و کرایمیای داگیرکراوەوە خستووەتە خوارەوە.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا