وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان سەردانی ڕواندا دەکات بە مەبەستی تاوتوێکردنی ڕێککەوتنێک کە تیایدا بەڕیتانیا ئەو کۆچبەرانە ڕەوانەی ڕواندا دەکات کە بەبێ مۆڵەت هاتوونەتە بەڕیتانیاوە، ئەم پلانەی بەڕیتانیاش بۆ ڕەوانەکردنی کۆچبەرە نایاساییەکان بۆ وڵاتی ڕواندا ڕووبەڕووی ئاستەنگی یاسایی و مشتومڕ بۆتەوە.
بەڕیتانیا ڕێککەوتووە بۆ ڕەوانەکردنی دەیان هەزاران کۆچبەر بۆ ڕواندا کە زیاتر لە 6,400 کم لە بەڕیتانیاوە دوورە، ئەوەش وەکو بەشێک لە گرێبەستەکەی ساڵی ڕابردوو کە بەهاکەی دەگاتە 146 ملیۆن دۆلار، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ گەشتێکی ڕەوانەکردنی ئەو کۆچبەرانە بۆ ڕواندا نەبووە، چونکە ئەوانەی دژایەتی پلانەکە دەکەن سیاسەتەکەیان بردۆتە بەردەم دادگا و لە دادگاکاندا ڕووبەڕووی وەستاونەتەوە.
هاوبەشییەکەی نێوان بەڕیتانیا و ڕواندا بەشێکی گەورەی پلانەکەی بەڕیتانیایە بۆ دەستبەسەرکردن و ڕەوانەکردنەوەی ئەو کۆچبەرانەی کە بە بەلەمی بچووک بە کەناڵی ئینگلیزدا دەپەڕنەوە و دەگەنە بەڕیتانیا، پلانەکەش هەندێک لە ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن ڕەنگە کرداری نەبێت و هەوڵەکانی هەزاران پەنابەری ڕاستەقینە بە شێوەیەک لێبکات کە وەکو تاوان سەیر بکرێن.
برەیڤەرمان لە ماوەی گەشتەکەیدا لەگەڵ سەرۆکی ڕواندا پۆڵ کاگامیدا کۆدەبێتەوە، وتیشی ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا ڕەنگە بەمزووانە دەستپێبکات.
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان لە بەیاننامەیەکدا وتی " سەردانی ڕواندا دەکەم بۆ جەختکردنەوە لە پابەندبوونی حکومەت بە هاوبەشییەکەوە، وەکو بەشێک لە پلانەکەمان بۆ ڕاگرتنی بەلەمەکان و تاوتوێکردنی پلانەکان بۆ ئەوەی بەمزووانە پلانەکەمان بخەینە بواری جێبەجێکردنەوە."
هاوبەشییەکەی نێوان بەڕیتانیا و ڕواندا لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوودا ڕاگەیەندرا، بەڵام یەکەمین گەشتی ڕەوانەکردنەوەی کۆچبەرەکان لەلایەن دادگای مافەکانی مرۆڤی ئەوروپاوە ڕاگیرا.
دواتر لە مانگی دوانزەدا دادگای باڵای لەندەن ڕایگەیاند پلانی ڕەوانەکردنی کۆچبەران بۆ ڕواندا یاساییە، بەڵام ئەو کەسانەی کە دژایەتی پلانەکە دەکەن لە مانگی چواری ئەم ساڵدا هەوڵی پێداچوونەوە بە فەرمانی دادگاکە دەدەن و ڕەنگە دواتر لەم ساڵدا بابەتەکە جارێکی دیکە بچێتەوە بۆ دادگای باڵای بەڕیتانیا.
برەیڤەرمان داکۆکی لە هەڵوێستی خۆی کردووە سەبارەت بە بابەتەکە، لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن و ڕێکخراوە خێرخوازییەکان دەڵێن پلانەکەی حکومەتی بەڕیتانیا بۆ کۆچبەران " نا ئەخلاقییە و ناتوانرێت کاری پێبکرێت."
دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو 45,000 کۆچبەر لە ڕێی بەلەمی بچووکەوە گەیشتنە بەڕیتانیا، سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا ڕیشی سوناک وتی دۆزینەوەی چارەسەرێک یەکێک دەبێت لە ئەرکە سەرەکییەکانی. بەڕیتانیا ساڵانە زیاتر لە 2 ملیار پاوەند بۆ کۆچبەران خەرج دەکات، هەروەها گرێبەستێکی 95 ملیۆن دۆلاریشی تەندەر کردووە بۆ گواستنەوەیان بۆ وڵاتانی وەکو ڕواندا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سەردانی ڕواندا دەکات بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بابەتی کۆچ
وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان