دوای هێرشەکەی حەماس دژی ئیسڕائیل، بەڕیتانیا ئەرکەکانی پۆلیس لە لەندەن زیاد دەکات

ڕۆژی یەکشەممە پۆلیسی لەندەن ئەرکەکانی لە سەرانسەری شارەکەدا زیاتر کرد، ئەوەش دوابەدوای هێرشەکانی گروپی چەکداری حەماسی فەڵەستینییەکان بۆ سەر ئیسڕائیل.

دەزگای پۆلیسی بەڕیتانیا ڕایگەیاند " ئاگاداری چەندین ڕووداوین کە پەیوەندییان بە ململانێکەی ناو ئیسڕائیلەوە هەیە لەسەر سنووری ئەو وڵاتە لەگەڵ غەزەدا."

هاوکات باڵیۆزخانەی ئیسڕائیل لە بەڕیتانیا ئاماژەی بەوەدا دوای ئەوەی چەکدارانی گروپی چەکداری حەماس هێرشییان کردووەتە سەر ڤیستیڤاڵێکی میوزیک لە نزیک غەزە، هاووڵاتییەکی بەڕیتانیایی بێسەروشوێن بووە.

باڵیۆزخانەکە وتی جەیک مارلۆی تەمەن 26 ساڵ ڕۆژی شەممە بێسەروشوێن بووە.

دەزگای پۆلیسی بەڕیتانیا ئەوەشی خستەڕوو " پۆلیس ئەرکەکانی لە سەرانسەری لەندەن زیاتر دەکات تاوەکو دڵنیایی بدەنە کۆمەڵگەکانمان و لەبەرچاوییاندا بن."

وەزیری ناوخۆی بەڕیتانیا سوێلا برەیڤەرمان وتی " دەبێت هیچ لێبووردنێک نەبێت بەرامبەر هەستی دژە جوو یاخود شکۆمەندکردنی تیرۆر لەسەر شەقامەکانی بەڕیتانیا."

وتیشی " پێشبینی دەکەم پۆلیس تەواوی هێزی یاسا بەکاربهێنێت دژی دەرخستنی پشتیوانی بۆ حەماس و گروپە تیرۆریستییەکانی دیکە و یاخود هەوڵدان بۆ ترساندنی جووەکانی بەڕیتانیا."

ڕۆژی شەممە گروپی چەکداریی حەماسی فەڵەستینییەکان ژمارەیەکی زۆر موشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کرد و لەشکرکێشییەکی ئاسمانی و وشکانی و دەریایی بۆ ناو ئیسڕائیل ئەنجامدا. سوپای ئیسڕائیل وتی هێرشەکان بوونەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 200 ئیسڕائیلی و برینداربوونی 1000 کەسی دیکە، هاووڵاتیانی مەدەنی و سەربازانیش بە بارمتە گیراون.

پۆلیسی ئەڵمانیا و فەڕەنساش ڕایانگەیاند ئاسایشییان لە دەوروبەری پەرستگاکانی جووەکان و قوتابخانەکانییان و مۆنۆمێنتەکانییان پتەوتر کردووە، هاوکات هەندێک لە لایەنگرانی فەڵەستینییەکان لە بەرلین چوونەتە سەر شەقامەکان و ئاهەنگ بۆ هێرشەکە دەگێڕن.

پۆلیسی بەڕیتانیا وتی " ئێمە ئاگاداری ئەوەین کە ڕەنگە لە چەند ڕۆژی داهاتوودا ململانێکە ببێتە هۆی خۆپیشاندان. دڵنیایی دەدەین لەسەر ئەوەی پلانێکی پۆلیسی گونجاومان داڕشتووە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا