سکای نیوز: بەڕیتانیا بیر لە ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکاتەوە بۆ کەنداو

کەناڵی سکای نیوز ئاماژەی بەوەدا بەڕیتانیا بیر لە ناردنی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەکاتەوە بۆ کەنداو، ئەمەش لەنێوەندی گرژییەکاندا لەگەڵ ئێران.

هێزی ئاسمانی شاهانەی بەڕیتانیا ژمارەیەک فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی لە کوەیت هەیە بەمەبەستی ئەنجامدانی ئەرک لە ئاسمانی عێراق و سوریادا. کەناڵەکە وتی دەکرێت ئەم فڕۆکانە ئەرکی دیکەیان پێبدرێت ئەگەر بڕیار بدرێت فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان لە کەنداو بڵاوبکرێتەوە.

کەناڵەکە لە هەواڵەکەیدا ئاماژەی بەوەدا فڕۆکە بێ فڕۆکەوانەکان یارمەتیدەر دەبن لە ئەرکەکانی دیدەوانیدا لەگەڵ بەردەوامبوونی کەشتیە جەنگییەکانی بەڕیتانیا لە هاوەڵیکردنی ئەو کەشتیە بارهەڵگرانەی کە ئاڵای بەڕیتانیایان هەڵکردووە لە تەنگەی هورموز.

ڕۆژی هەینی بەڕیتانیا داوای کرد بەرپەرچی ئەو هەڕەشانە بدرێتەوە کە ڕووبەڕووی کەشتیە بارهەڵگرەکانی کەنداو بوونەتەوە، ئەمەش دوای ئەوەی لە مانگی حەوتدا ئێران دەستی گرت بەسەر کەشتیەکی بەڕیتانیدا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز