ئیماڕات پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی 13 وڵات ڕادەگرێت

بەپێی بەڵگەنامەیەک کە کۆمەڵگەی کاری حکومی ئیماڕات بڵاویکردۆتەوە ئیماڕات فەرمانی کردووە بە ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا بە هاوڵاتیانی 13 وڵات کە زۆرینەی هاوڵاتیانی ئەو وڵاتانە موسوڵمانن، لەوانەش ئێران و سوریا و ئەفغانستان و پاکستان.

سەرچاوەیەک نزیک لە بابەتەکەوە وتی ئیماڕات بەهۆی هۆکاری ئەمنیەوە بەشێوەیەکی کاتی پێدانی ڤیزای بە هاوڵاتیانی ئەفغانستان و پاکستان و کۆمەڵێک وڵاتی دیکەی ڕاگرتووە، بەڵام هیچ وردەکارییەک لەسەر هۆکارە ئەمنیەکان نەخراوەتەڕوو.

بەڵگەنامەکە کە بەسەر کۆمپانیاکانی سەر بە کۆمەڵگەکەدا دابەشکراوە و بەردەست ڕۆیتەرز کەوتووە ئاماژە بە نوسراوێک دەدات لە بەڕێوبەرایەتی کۆچەوە و لە 18 ی مانگی یانزەوە کار بەو نوسراوە دەکرێت.

هەروەها ئەوەش دەخاتە ڕوو داواکردنی ڤیزای کار یاخود سەردان لەلایەن هاوڵاتیانی ئەو 13 وڵاتەوە ڕاگیراوە کە هەریەک لە سۆماڵ و یەمەن و لیبیاش دەگرێتەوە.

دەشڵێت ڕاگرتنی پێدانی ڤیزا هاوڵاتیانی جەزائیر و کینیا و عێراق و لوبنان و تونس و تورکیاش دەگرێتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز