ئاژانسی ئانادولۆی دەوڵەتی تورکیا گوتی؛ دەسەڵاتدارانی وڵات رۆژی دوو شەممە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 149 کەس دەرکرد کە زۆربەیان سەر بە هێزی ئاسایشن ، بە گومانی پەیوەندیان وەک ئەنکەرە دەڵێت بەو تۆڕەی کە پلانرێژی بۆ کودەتا شکستخواردەکەی ساڵی 2016کرد.
لە دەمی کودەتا شکست خواردەکەیەلە مانگی تەموزی ساڵی 2016 ئەوەی 250 کەسی تێدا کوژرا ، دەسەڵاتداران لە تورکیا هەڵمەتی بەردەوامی توندیان دژ بە لایەنگرانی فەتحوڵا گولەنی دانیشتوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ئەنجامداوە.
هەرچی گولەنیشە نکۆڵی لە تێوەگلانی خۆی لەو کودەتایەدا کردوە . گولن هاوپەیمانێکی پێشووی سەرۆک رەجەب تەیب ئەردۆغان بوو ، گولەن لە ساڵی 1999 وە بە خواستی خۆی لە ویلایەتی پەنسیلڤانیا دەژی.
ئۆفیسی داواکاری گشتی لە پارێزگای بالیکەیسەر لە رۆژئاوای تورکیا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ 74 کەس دەرکرد ، سەرجەمیان لە رابردوودا لە نێو هێزەکانی ئاسایشی لە تورکیا کاریان دەکرد و 6 یان بەرپرسی پێشوووی پۆلیس بوون .
هاوکات داواکارانی گشتی لە پارێزگای گازی ئەنتاب لە باشوری رۆژهەڵاتی تورکیا فەرمانی دەستبەسەرکردنی 33 کەسیان دەرکرد کە 24 یان هێزی ئاسایشین و لە ئێستادا لە کاردان. ئاژانسی هەواڵی ئەنەدۆڵو گوتیشی داواکارانی گشتی لە پارێزگای بورسە فرمانی دەستگیرکردنیان بۆ 42 کەس دەرکرد کە 6 یان لە ئێستادا لە خزمەتی سەربازیدان.
ئەوەی جێی ئاماژەیە وا بۆ 4 ساڵە سەرۆکی تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لایەنگرانی فەتحوڵا گولەنی تۆمەتبارکردووە بە دامەزراندنی دەوڵەتێکی هاوتەریب وەک دەڵێت لە رێگەی دزەکردنە نێو دەزگاکانی پۆلیس و دادوەری و سەربازی و هەروەها دامودەزگاکانی دیکەی دەوڵەت.وڵاتانانی رۆژئاوای هاوپەیمانانی تورکیا رەخنەیان گرتووە لە ئاستی سەرکوتکردنەکان لە تورکیا، هاوکات ئەنکەرە داکۆکی لەو رێکارانەکردوە و دەڵێت ئەوە رێوشوێنانە پێویستن بگیرێنەبەر بۆ وەڵامدانەوەی هەڕەشەکانی سەر ئاسایشی تورکیایە.