ئەردۆغان جارێکی دیکە هەڕەشە لە هێزە کوردییەکانی ڕۆژئاوا دەکات

سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغان ڕایگەیاند تورکیا ڕێگە نادات "ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان " لە سوریا داڵدە بدەن و دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری ڕێوشوێن لەو بارەیەوە.

ئەردۆغان لە ماوەی گەڕانەوەیدا لە گەشتەکەی بۆ پاکستان و مالیزیا و ئیندۆنیسیا وتی بەڕێوبەرایەتییە نوێیەکەی سوریا لە ژێر سەرکردایەتی ئەحمەد شەرعدا وادیارە کە دژی " ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان " بوەستێتەوە.

وتیشی لە ماوەی کۆبوونەوەکەی پێشتریدا لەم مانگەدا لەگەڵ ئەحمەد شەرع لە ئەنکەرە تاوتوێی هەنگاوەکانییان کردووە دژی ئەو ڕێکخراوانە.

تورکیا هێزە کوردییەکان بە قۆڵێکی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەزانێت و بە تێرۆریست ناویان دەبات.

لە ساڵانی ڕابردوودا سوپای تورکیا بە بیانووی هێرشکردنە سەر پەکەکە هێرشی بەرفراوانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە سوریا و عێراق لە دژی کورد ئەنجامداوە.

هێزە کوردییەکان کە بە هەسەدە ناسراون، لە سووریا ڕیبەرایەتی هێزەکانی سوریای دیموکرات دەکەن کە لەلایەن ئەمەریکاوە لە شەڕی داعشدا پشتیوانی دەکرێن.

مەزلوم عەبدی، فەرماندەی هێزەکانی سوریای دیموکرات چەندین جار ڕەتیکردوتەوە هیچ پەیوەندییەکی ڕێکخراوەیی لەنێوان هەسەدە و پارتی کرێکارانی کوردستان هەبێت.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز