سەرۆکایەتی تورکیا ڕایگەیاند سەرۆکی کاتی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع ڕۆژی سێشەممە سەردانی تورکیا دەکات لە دووەمین گەشتی نێودەوڵەتیدا لە دوای ڕووخاندنی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە مانگی دوانزەدا.
شەرع ڕۆژی یەکشەممە سەردانی سعودیەی کرد، سوریای وێرانبوو بە جەنگ هەوڵی ئەوە دەدات وڵاتانی دەوڵەمەندی کەنداو لە ڕووی داراییەوە یارمەتی بدەن لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و زیندووکردنەوەی ئابوورییەکەیدا.
بەرپرسی ئۆفیسی ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکایەتی تورکیا فەهرەتین ئاڵتون وتی شەرع " لەسەر بانگهێشتی سەرۆک ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، ڕۆژی سێشەممە سەردانی ئەنکەرە دەکات."
تورکیا کە پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ شەرعدا هەبووە، بە ماوەیەکی کورت دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەد ئەرکە دیبلۆماسییەکەی لە سوریا دووبارە کردەوە و سەرۆکی دەزگای هەواڵگری تورکیا و وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە سەردانی سوریایان کرد.
ئاڵتون وتی گفتوگۆکانی نێوان ئەردۆغان و شەرع لە کۆشکی سەرۆکایەتی لە ئەنکەرە " سەنگ دەخەنە سەر گرتنەبەری ئەو هەنگاوە هاوبەشانەی کە پێویستن بۆ زیندووبوونەوەی ئابووریی و سەقامگیری و ئاسایش لە سوریادا."
وتیشی " باوەڕمان وایە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و سوریا پتەوتر دەبێت."
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز