تورکیا لە کۆنگرەی ئاشتەوایی لیبیا لە ئیتالیا دەکشێتەوە

جێگری سەرۆکی تورکیا ڕایگەیان وڵاتەکەی لە کۆنگرەی تایبەت بە لیبیا لە ئیتالیا کشایەوە، ئەمەش وەک دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر دورخستنەوەی وڵاتەکەی لە هەندێک لەو وتووێژانەی لەو بارەیەوە ئەنجامدرابوون.

فوئاد ئاکتای ئەمڕۆ سێشەممە لە شاری پالێرمۆی ئیتالیا لەم بارەیەوە لێدوانی بۆ ڕۆژنامەوانان دا و تیایدا مەخابنی زۆری خۆی دەربڕی لە بەرامبەر بەشداری‌پـێنەکردنی وڵاتەکەی لە وتووێژەکاندا و گوتی هەر کۆبوونەوەیەک تورکیای تێدا نەبێت هیچ ئەنجامێکی لێ ناکەوێتەوە بە ئاڕاستەی گەیشتن بە چارەسەر بۆ کێشەی لیبیا.

جێی ئاماژەیە ئیتالیا لە ڕۆژی دووشەممەوە میوانداری کۆنگرەیەکی دوو ڕۆژی دەکات بە سەرپەرشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ تاووتوێکردنی پـرۆسەیەکی ئاشتی بە ئامانجی بەدیهێنانی سەقامگیری لە لیبیا.

ئەمڕۆش بۆ یەکەم جار لە پاش زیاتر لە 5 مانگ هەر دوو ڕێبەری ڕکابەر، فائیز ئەلسەراج سەرۆک وەزیر و خەلیفە حەفتەر کە زۆربەی ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی لیبیای کۆنترۆڵکردووە لە شاری پالێرمۆ کۆبوونەوە.