تورکیا دەخوازێت ترامپ کۆتایی بە هاریکارییەکانی ئەمەریکا بهێنێت بۆ هێزە هاوپەیمانە کوردەکانی لە سوریا

وەزیری دەرەوەی تورکیا هاکان فیدان ڕۆژی یەکشەممە وتی هیوادارە سەرۆکی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ کۆتایی بە هاریکارییەکانی ئەمەریکا بهێنێت لەگەڵ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورددا لە سوریا، لە کاتێکدا کە تورکیا بەردەوامە لە هەڵمەتە سەربازییەکەی دژی ئەو هێزانەی هاوپەیمانی ئەمەریکا.

تورکیا یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بە درێژکراوەیەکی پارتی کرێکارانی کوردستان دەزانێت، هاوکات ئەمەریکا پشتیوانی لەو هێزانە دەکات کە سەرکردایەتی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک دەکەن و ڕۆڵێکی گرنگییان هەبووە لە شەڕی دژ بە ڕێکخراوی تیرۆریستی داعشدا لە سوریا.

فیدان لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە دەوحە وتی " هیوادارین بەڕێز ترامپ بڕیارێک بدات کە کۆتایی بەم هەڵەیە بهێنێت لە ناوچەکەدا."

تورکیا لە مێژە داوای لە ئەمەریکا کردووە پشتیوانییەکانی بۆ یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورد بکشێنێتەوە، هێزەکانی تورکیا و گروپە چەکدارییەکانی لایەنگری لە سوریا بەردەوام شەڕییان لەگەڵ هێزە کوردییەکاندا کردووە لە دوای ڕووخانی ڕژێمەکەی بەشار ئەسەدەوە لە سوریا.

لە ژێر بەڕێوبەرایەتییەکەی سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا جۆو بایدندا، ئەمەریکا 2000 سەربازی لە سوریادا هەبوو کە شان بە شانی هێزەکانی سوریای دیموکراتیک و یەکینەکانی پاراستنی گەلی کورددا دژی ڕێکخراوی تیرۆریستی داعش شەڕییان دەکرد.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز