تورکیا دەڵێت ئۆپەراسیۆنێکی گەورەی دەستپێکردووە بۆ دەستگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی پەکەکە

چەند سەرچاوەیەکی ئاسایش لە تورکیا بۆ ئاژانسی دەنگ‌وباسی فڕانس پـرێسیان ڕاگەیاند ئەمڕۆ دووشەممە لە باشوری ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە یەکێک لە گەورەترین ئۆپەراسیۆنەکانیان دەسـتپێـکردووە.

سەرچاوەکان گوتویانە نزیکەی 700 جەندرمە و 600 سەربازی هێزی تایبەت بە پاڵپشتی دەیان تانک و هەلیکۆپتەر ئۆپەراسیۆنەکە لە ناوچەی لجێی پارێزگای ئامەد ئەنجام دەدەن.

فەرمانڕەوای ئامەد گوتی قەدەغەی هاتوچۆ هەتا کاتێکی نادیاریکراو لە 18 گوندی ناوچەی لجێ ڕاگەیاندراوە. گوتیشی ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکە بۆ دەسـتگیرکردنی ئەندام و لایەنگرانی پەکەکەیە.

ئەم ئۆپەراسیۆنە لە کاتێکدا ئەنجام دەدرێت کە مانگی داهاتوو ڕیفراندۆمی گشتی سازدەکرێت بۆ دەنگدان لەسەر هەموارکردنی دەستوری وڵاتەکە تاوەکو سیستەمی حوکمڕانی لە پەرلەمانیـیەوە بۆ سەرۆکایەتی بگۆڕدرێت.