میدیای فەرمی تورکیا ڕادەگەیەنێت ، داواکارێکی گشتی لە ئەستەنبوڵ ڕۆژی سێشەممە داوای لە ئینتەرپۆڵ(پۆلیسی نێونەتەوەیی) کردووە فەرمانی دەستگرکردن بۆ ئەنەس کانتێری یاریزانی باسکەی تورک دەربکات، کە بۆ یانەی باسکەی نیشتمانی ئەمەریکا NBA یاری دەکات، بە تاوانی ئەوەی گوایە پەیوەندی هەیە بەو گروپەی کودەتا سەرنەکەوتووەکەی ساڵی 2016 ی ئەنجام دا.
ئاژانسی دەنگوباسی ئەنادۆڵو دەڵێت کانتێر یاریزانی یانەی نیویۆرک نیکس کە ڕەخنەگرێکی ئاشکرای سەرۆکی تورکیا ڕەجەب تەیب ئەردۆغانە، تاوانبارە بە ئەندامێتی لە ڕێکخراوێکی تێرۆرستی چەکدار.
ئاژانسەکە دەشڵێت کاربەدەستانی تورکیا لە ئۆفیسی سەرەکی داواکاری گشتی ئستەنبوڵ ئەو داوایەشیان ئامادەکردووە کە یاریزانەکە ڕادەستی تورکیا بکرێت.
ئینتەرپۆڵ لای خۆیەوە ئاژانسەکانی پۆلیسی وڵاتانی ئەندام ئاگادار دەکاتەوە لە گومانباری تاوانێک کە لەلایەن وڵاتێکەوە داوابکرێت.
ئەنادۆڵو بەبێ ئەوەی زانیاری ورد بدات، دەڵێت بەڵگەنامەکانی کە لەلایەن داواکارەوە ئامادەکراوە نێردراوە بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
تورکیا هەوڵی کودەتاکەی ساڵی 2016 دەخاتە ئەستۆی فەتحوڵا گولەنی دانیشتوی ئەمەریکا، بەڵام ئەو تاوانەکە ڕەت دەکاتەوە.
کاربەدەستانی تورکیا بزوتنەوەی گولەن بە " ڕێکخراوی تێرۆرستی فەتحوڵا" ناودێر دەکەن و هەزاران کەس بە تاوانی گوایە ئەندامی ئەو ڕێکخراوەن دادگایی کراون.
بەڵام بزوتنەوەی گولەن سورە لەسەر ئەوەی گروپێکی ئاشتیخوازە و هانی پەروەردەی سیکولار دەدات.
لە سەرەتای ئەم مانگە کانتێر ئامادە نەبوو لە گەشتێکی NBA دا بڕوات بۆ بەریتانیا لە ترسی ئەوەی وەک دەڵێت دەکوژرێت لەلایەن سیخوڕەکانی تورکیاوە. ئەو گوتی " شیانی ئەوە هەیە لەوێ بکوژرێم."
یاریزانێکی پێشووی NBA هێدۆ تورکئۆغڵو کە ئێستا ڕاوێژکاری باڵای ئەردۆغانە و سەرۆکی ڕێکخراوی باسکەی تورکیایە مەترسییەکانی کانتێری لەسەر وڵاتەکەی خۆی بە " هەڵمەتی لەکەدارکردن" وەسف کرد.
کانتێر لە ساڵی ڕابردوو لە فڕۆکەخانەی ڕۆمانیا دەستگیرکرا پاش ئەوەی پێی گوترا پاسەپۆرتەکەی پوچەڵکراوەتەوە و پاش چەند کاتژمێرێک ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە. کانتێری کە پشتیوانی خۆی بۆ گولەن دەربڕیوە دەڵێت ئەوەش بەهۆی بیروڕای سیاسییەوە بووە.