دادگایەکی تورکیا ڕەتیدەکاتەوە دوو سەربازە یۆنانیـیەکە ئازادبکرێن

دادگایەکی تورکیا ڕەتیکردەوە ئەو دوو سەربازە یۆنانیـیە ئازادبکرێن کە لە سەرەتای ئەم مانگی سێـیە لە سەر سنووری نێوان هەردوو وڵات دەسـتگیرکران بە تۆمەتی سیخوڕی و بەزاندنی سنوور.

دادگای ئەدرنە ئەمڕۆ سێشەممە داوای پارێزەری هەردوو سەربازەکەی ڕەتکردەوە و دادوەر بڕیاری دا لە زینداندا بیانهێڵنەوە هەتا ئەو کاتەی دادگایی دەکرێن. دەڵێت لەبەر بوونی بەڵگەی بەهێز سەبارەت بەو تۆمەتانەی ئاڕاستەیان کراوە.

جێی ئاماژەیە شەوی 1 ی مانگی سێی ئەم دوو سەربازە کە یەکێـکیان پـلەی ئەفسەر و ئەوی دیکەیان عەریف، چوونەتە ناو خاکی تورکیاوە و لە لایەن هێزەکانی تورکیاوە دەسـتگیرکران و تۆمەتبارکران بەوەی سنووریان بەزاندووە و بە مۆبایلەکانیان وێنەی ناوچەکەیان گرتووە.

دوو سەربازەکە لای خۆیانەوە دەڵێن لە کەشوهەوایەکی خراپدا ڕێگەیان ونکردبوو لە نزیک ڕووباری ئێڤرۆس کە هەردوو وڵاتەکە لە یەک جودادەکاتەوە و بە هەڵە چوونەتە ناو خاکی تورکیاوە.

یۆنانیـیەکان مەترسیان هەیە تورکیا لە بەرامبەر ئازادکردنی ئەو دوو سەربازە داوای ڕادەستکردنی ئەو 8 سەربازە تورکە بکات کە لە پاش شکستهێنانی کودەتا سەربازیـیەکەی مانگی حەوتی ساڵی 2016 بەرەو یۆنان هەڵهاتن، بەڵام گوتەبێژی حکومەتی تورکیا ڕەتیکردەوە ئەنکەرە پـرسی ئەم دوو سەربازە گرێ بدات بە سەربازە تورکەکانەوە.