تورکیا بۆ دەربڕینی ناڕەزایی گەورە دیپـلۆماتی ئەڵمانیای لە وڵاتەکەی بانگهێشت دەکات

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا گەورە دیپـلۆماتی ئەڵمانیای لە وڵاتەکەی بانگهێشتکرد بۆ دەربڕینی ناڕەزایی لە بەرامبەر ڕێگەگرتنی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا لە پەخشکردنی وتارێکی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆکی تورکیا ڕاستەوخۆ بۆ بەشداربووانی خۆپـیشاندانێـک کە بۆ پشـتیوانیکردن لە حکومەتی تورکیا لە شاری کۆلۆنیا سازکرابوو.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ دووشەممە ڕۆبەرت دولگەر هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی ئەڵمانیا لە ئەنکەرە بۆ ئەو مەبەستە بانگهێشت کرد. لە ئێسـتادا مارتن ئەردمان باڵیۆزی ئەڵمانیا بۆ تورکیا لە پـشـووە.

پـێشتر سەرۆکایەتی تورکیا ناڕەزایی خۆی لەم بارەیەوە ڕاگەیاند و گوتی ئەم هەڵوێستەی دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا جێگەی قبوڵ نیـیە.

ئیبراهیم کالن گوتەبێژی سەرۆکایەتی تورکیا لە بەیانـنامەیەکدا ئەمەی ڕاگەیاند و گوتی پـێچەوانەی بنەماکانی دیموکراسی و ئازادی ڕادەربڕینە کاتێـک هەوڵی ڕێگەگرتن لە سازدانی خۆپـیشاندانێـکی جەماوەری بۆ داکۆکیکردن لە دیموکراسی و ئازادی بدرێت لە بری ئەوەی پشـتیوانی لێبکرێت. پاشان گوتی جێی قبوڵ نیـیە دەسەڵاتدارانی ئەڵمانیا ڕێگە بە پەکەکە دەدەن خۆپـیشاندان بکات، بەڵام ڕێگە دەگرن لە سازکردنی خۆپـیشاندان لە دژی کودەتاچیـیەکان.

دادگای دەسـتوری ئەڵمانیا شەوی شەممە فەرمانی کرد ڤیدیۆی ڕاستەوخۆی ئەردۆغان و کاربەدەسـتانی دیکەی تورکیا بۆ خۆپـیشاندانی کۆلۆنیا پەخش نەکرێت. دەڵێت مەبەست لەم بڕیارە هەوڵێـکە بۆ ڕێگەگرتن لە ڕوودانی توندوتیژی.

کاربەدەسـتانی ئەڵمانیا دەڵێن ڕێگە نادەن وڵاتەکەیان بـبێتە گۆڕەپانی ململانێی سیاسی وڵاتانی دیکە. ئەڵمانیا یەکێـکە لەو وڵاتە ئەوروپایـیانەی زۆرترین ژمارە کۆچبەر و پەنابەری تورکی لێـیە.