ئەردۆغان ئابوریناسێکی پێشووی ئەمازۆن بۆ سەرۆکایەتی بانکی ناوەندی تورکیا دەستنیشان دەکات

دوابەدوای دەستلەکارکێشانەوەی سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا، سەرۆکی ئەو وڵاتە بە فەرمانێکی فەرمی فاتیح کاراهان یەکێک لە ئابووریناسانی پێشووی ئەمازۆنی بۆ ئەو پۆستە ڕاسپارد.

فاتیح کاراهان کە پێشتر ئابووریناسێکی باڵا بووە لە کۆمپانیای ئەمازۆن، لە ساڵی 2012 لە بانکی یەدەگی فیدراڵی نیویۆرک دەستی بە کارەکانی کردووە. هەروەها ئەزموونی وانەوتنەوە لە زانکۆی کۆڵۆمبیا و زانکۆی نیویۆرک هەیە.

میدیاکانی تورکیا جەختیان لەوە کردەوە کە دانانی کەسێک بەو باکگراوند و پێشینییە ئەوە نیشان دەدات کە ئەردۆغان هێشتا چاوی لە ئابووری بازاڕە بۆ چارەسەرکردنی کێشە دارایی و ئابوورییەکانی وڵاتەکەی.

زیاتر لە هەواڵی دەستبەکاربوونی کاراهان، دەستلەکارکێشانەوەی حەفیزە غایە ئەرکان لە هەمان پۆست بوو بە جێگای سەرنجی میدیاکان.

ئەرکان ژنێکی گەنجی تەمەن 44 ساڵ و بەڕێوەبەری پێشووی کۆمپانیای واڵ ستریت، ناوەندی دارایی ئەمەریکا لە نیویۆرک، هەفتەی ڕابردوو لە کاتێکدا دەستی لەکارکێشایەوە، کە هێشتا ساڵێکی وەک سەرۆکی بانکی ناوەندی تورکیا پڕنەکردبووە.

دەستبەکاربوونی ئەرکان لە کاتێکدا ڕوویدا کە تورکیا ڕووبەڕووی قەیرانی دارایی و ئابووری بووەوە و بەهای لیرەی تورکی لە نزمترین ئاستدا بوو لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

ئەرکان کە یەکەمین ژنە سەرکردایەتی بانکی ناوەندی تورکیای کردبێت و پێنجەمین سەرۆکی بانکەکە بووە لە ماوەی چەندین ساڵدا. ئەردۆغان چوار سەرۆکی دیکەی پێش حەفیزە ئەرکان دوورخستبووەوە و دەستی وەردابووە سەربەخۆیی دامەزراوەکەوە و نیگەرانی دروست کردبوو لەسەر تێکچوونی کارەکانی بانکەکە.

وەبەرهێنەرانی ڕۆژئاوا زۆر دڵخۆش بوون بە دەستبەکاربوونی حەفیزە ئەرکان، بەڵام دوو ڕووداو کە لە میدیاکانی تورکیادا بە ئابڕووچوون ناوزەد کران، بووە هۆی دەستلەکارکێشانەوەی ناوبراو.

لە چەند هەفتەی ڕابردوودا ئەرکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و میدیای ئۆپۆزسیۆن تۆمەتبار دەکرا بەوەی دەسەڵاتی داوە بە باوکی لە دامەزراندنەکانی بانکی ناوەندیدا.

هەروەها دەوترێت چاوپێکەوتنێکی حەفیزە ئەرکان بووەتە هۆی توڕەیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە تێیدا ڕایگەیاندووە بەهۆی هەڵاوسانی زۆرەوە لە تورکیا، ناچار بووە لە ماڵی دایک و باوکیدا بژیت.

حەفیزە ئەرکان گوتی "هەڵمەتێکی گەورەی تیرۆرکردنی ناوبانگ لەمدواییانەدا دژی من دەستی پێکردووە."

گوتیشی " لە پێناو ئەوەی خێزانەکەم و منداڵە بێتاوانەکەم بپارێزم کە ئێستا تەمەنی ساڵ و نیوێکیش نیە، بۆ ئەوەی کاریگەریی ئەمەیان زیاتر لەسەر نەبێت، داوام لە سەرۆکەکەمان کرد دەست لە کارکێشانەوەکەم لە ئەرکەکەم پەسەند بکات."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز