ڕۆژنامەوانە تورکەکەی ڕاپـۆرتی لەسەر ناردنی چەک بە قاچاغ بۆ سوریا کردبوو هەوڵی کوشتنی درا

جان دوندار ڕۆژنامەوانی تورک، ئەوەی ساڵی 2014 لە ڕۆژنامەی جمهوریـیەت ڕاپـۆرتێـکی لەسەر ناردنی چەک بە قاچاغ بۆ سوریا بڵاوکردبووەوە و لە ئێسـتادا لەسەری دادگایی دەکرێت، ئەمڕۆ لە لایەن کەسێـکەوە هەوڵی کوشتنی درا.

ئەمڕۆ هەینی لە بەردەم کۆشـکی داد لە ئستەنبوڵ کەسێـک لە جان دوندار نزیک کەوتووەتەوە و هاواری کردووە " ئەی خائین" و دەسـتیکردووە بە تەقەکردن و سێ گولـلەی تەقاندووە، بەڵام هیچ کام لە گولـلەکان بەر جان ناکەوتن، بەڵکو ڕۆژنامەوانێـکی کەناڵی NTV بە ناوی یاگیز سینکال بە سووکی برینداربووە.

پـۆلیس دەسـتبەجێ تەقەکەرەکەی دەسـتگیرکردووە، بەڵام هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە ناسنامەکەی ئاشکرا نەکردووە.

جێبی ئاماژەیە جان دوندار لە ڕاپـۆرتەکەی سـاڵی 2014 بە بەڵگەی ڤیدیۆوە نیشـانی دەدا دەزگای موخابەراتی تورکیا چەکی بە شێوەیەکی قاچاغ بۆ ناو سوریا دەگواستەوە، ئەمەش توڕەبوونی حکومەتی تورکیا و ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی لێکەوتەوە، بۆیە بە فەرمی سکاڵایان لەسەر جان دوندار تۆمارکرد بە تاوانی ئاشکراکردنی نهێنیـیەکانی دەوڵەت. ئەگەربێت و تاوانەکەی بەسەردا ساغ ببێتەوە ئەوا ڕەنگە زیندانی هەتاهەتایی بکرێت.

Your browser doesn’t support HTML5

تەقەکردن لە ڕۆژنامەوانی تورک جان دوندار