تورکیا دەڵێت 20 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی لە هەرێمی کورستان کوشتووە

وەزارەتی بەرگری تورکیا ڕۆژی شەممە، 13ی مانگی یەک ڕایگەیاند تورکیا هێرشی ئاسمانی لە هەرێمی کوردستان ئەنجام داوە و 20 ئەندامی پارتی کرێکارانی کوردستانی کوشتووە و 29 ئامانجی دیکەشی لە ناوبردووە، ئەوەش دوای ئەوەی ڕۆژی هەینی لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا چەند سەربازێکی تورکیا کوژران.

ڕۆژی هەینی وەزارەتی بەرگری تورکیا وتی لە شەڕ و پێکدادانێکدا لەگەڵ هێزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە هەرێمی کوردستان نۆ سەربازی تورکیا کوژراون و چوار سەربازی دیکەشی بریندار بوون.

میدیاکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان ڕایانگەیاندووە ئەم پێکدادانەکانی ڕۆژی هەینی لە بەرزاییەکانی زاپ ڕوویانداوە و ئەندامانی حزبەکەیان بە کەڵک وەرگرتن لە بارودۆخی کەشوهەوا توانیویانە بچنە ناو بنکەکانی تورکیاوە. ئەم میدیایانە ژمارەی قوربانیانی سوپای تورکیایان بە 31 کەس ڕاگەیاندووە.

لە هەمان کاتدا، ڕێکخراوی هەواڵگری نیشتمانی تورکیا، "مێت" ڕۆژی شەممە ڕایگەیاند کە فایەق ئایدین لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناو خاکی عێراقدا کوژراوە.

"میت" فایق ئایدن بە بەرپرسی وەرگرتنی ئەندامی نوێ بۆ پەکەکە لە ئەوروپا وەسف کردووە، کە بە گوتەی ئەو ڕێکخراوە، دوای چوونە ناو عێراق لە لایەن تۆڕی هەواڵگری تورکیاوە کوژراوە.

بەپێی هەواڵی میدیاکانی تورکیا، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ڕۆژی شەممە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە سازدەکات و تاوتوێی ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ زیادبوونی هێرشەکان بۆ سەر هێزە سەربازییەکانی ئەو وڵاتە لە عێراق دەکات.

هەروەها عەلی یەرلیکایا وەزیری ناوخۆی تورکیا ڕۆژی شەممە لە تۆڕی ئێکس نووسیویەتی هێزە ئەمنییەکانی وڵاتەکەی لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە سەرانسەری وڵاتدا 113تۆمەتباریان بە تۆمەتی پەیوەندی بە پەکەکەوە دەستگیر کردووە.

ماوەی 25 ساڵە تورکیا لە هەرێمی کوردستان دژی هێزەکانی پەکەکە چالاکی دەکات. هەروەها لە ماوەی 12 ساڵەی شەڕی ناوخۆی سوریاشدا، تورکیا بەشێکی ئەو وڵاتەی بە بیانووی هەبوونی هێزەکانی پەکەکەوە لەو وڵاتە کردۆتە ئامانج، بەڵام خۆی لە هێرشکردنە سەر ئێران بەدوور گرتووە، کە پێی وایە بەشێکی ئەندامانی ئەو گرووپە لەسەر خاکی ئێرانیش ئامادەن.

بەشێکی ئەم هەواڵە لە ڕۆیتەرز وەرگیراوە